با هەموو كەرەستەیەك لە دیكۆری ماڵەكەت، جێگەی بایەخ و گرنگیدانی خۆت و كەسانی نزیكت بن، تا دەتوانی شێواز و دیكۆری ماڵەكەت با ناوازە و شیاو بێت، بەتایبەت ئەو كەرەستە و كەلوپەلانەی رۆژانە بەكاریان دەهێنیت، لە كاتێكدا بەرەو وەرزی سەرما و سۆڵە دەچین، ئیدی شەوانەی ماڵەكەت سارد و سڕ دەبێ، پێویستت بە كەرەستەی گەرم كردنەوە و بەرگ و پۆشاكی باش دەبێ، ئەوەی دەمانەوێ ئاماژەی پێبدەین بەتانی و سەرچەفی خەوە، جگە لەوەی وەك كەرەستەیەكی گەرم كردنەوە و خۆ داپۆشین بەكاردێ، هەروەها بەشێكە لە جوانی دیكۆری ماڵەكەت، تەنانەت مۆدێكی جوانیشی دەبێ بە تایبەت لە ژووری نووستندا، پسپۆڕان رێنوێنی خانمان دەكەن بەوەی دەتوانن بە كەرەستەیەكی سادە، دیمەنێكی ناوازە لە دیكۆری ماڵەكە دروست بكەن، مەرج نییە كەرەستەكان لە كاڵای بە نرخ بن، بەڵكو گونجاندن و لێهاتوویی لە هەڵبژاردنی رەنگ و شێوەی پۆشاكدا بەهرە و توانای كابانی ماڵ لە جوانی دیكۆرەكەدا دەردەخات، بە تایبەت لە كاتی هەڵبژاردنی بەتانی و سەرچەف و پێخەفی نووستن، دەكرێ هەوڵبدرێ ئەو پۆشاكانە لە رەنگی جۆراوجۆر بن، هەروەها مەرجیشە كە بەشێكی لە رەنگی سپی بێت، یان نەخش و شێوەی رەنگی سپی تێدا بێت، تا بزانرێت كە پیس بووە، با ئەو بەتانیانە لە قوماشی نەرم بن، بە تایبەت ئەگەر پەموو یان خووری بێت باشترە، خانمی بەڕێز رۆژانە ئەو پۆشاكانە رێك بخە و هەڵگێر و وەرگێریان بكە.