جلوبەرگی گونجاو لەگەڵ لەش و لارت رێكبخە

جلوبەرگی گونجاو لەگەڵ لەش و لارت رێكبخە
خانمان لە هەموو وەرزێكدا، پێویستیان بەوەیە كە لەش و لارێكی رێك و جوانیان هەبێ، تا لەبەرچاوی هەمووان وەك شازادەیەك دەربكەون، رەنگە زۆربەی خانمانیش بە لەش و لاری خۆیانەوە رازی نەبن و وێڕای ئەوەی كە ریجیمێكی زۆریش دەكەن، بەڵام هەست ناكەن جەستەیان سەرنجڕاكێشە، ئەویش بە هۆی پۆشینی جلێكەوە، كە جەستەیان زیاتر نەشیاوتر دەكات، ئەوەش بە هەڵەكانی جوانكاری و جل پۆشین دادەنرێن، چونكە كاتێك جلێكی تەواوت لەبەر بێت، ئەوكاتە جەستەت بە جوانی و لەش و لارێكی ناسكەوە دەردەكەویت، بەم زانیاریانە بتوانە لە رێگەی جلەوە جەستەت جوان و ناسك بكەیت :
- بۆ ئەوانەی هەست دەكەن قەڵەون و یان جەستەیان پڕە، هەوڵبدەن جلی سەرەوەتان سادە و بەبێ گیرفان و تەل بێ، چونكە ئەو بەشانە وادەكەن جەستەت زیاتر پانتر نیشان بدات، بۆ ئەوانەی لاوازن، دەتوانن جلێ بە گیرفان و پەڕ پەڕ لەبەر بكەن، كە كاریگەری بۆ ئەوان نابێت.
- ئەوانەی جەستەیان پڕە، چاكترە لە تەنوورە دوور بكەونەوە و هەمیشە پانتۆڵ لەبەر بكەن، بە تایبەت پانتۆڵی جینز (كاوبۆی) كە ئەوەیان جەستە دەگرێ و لاواز و رێكت نیشان دەدات، جار جارەش پانتۆڵی قوماشیش لەبەر بكە.
- ئەوانەی باڵایان بەرزە، واچاكە جلی بە نەخش لەبەر بكەن، تا بەرزی باڵایان بشارێتەوە، بەڵام پێویستە نەخشەكانیش ئاسۆیی بن، واتە پێچەوانەی درێژی باڵایان، بۆ ئەوانەش كە باڵای كورتە، دەبێ جلی بە نەخشی ستوونی لەبەر بكەن، تا باڵایان بە درێژیی نیشان بدات.
- ئەگەر زانیت ئەو جلەی لەبەری دەكەیت، دووگمەكانی داناخرێت، باشترە لە ژێرەوە جلێكی دیكە لەبەر بكەیت كە لەگەڵ بەشێكی دیكەی جلەكەدا هاوڕەنگ بێ، بۆ نموونە: ئەگەر ویستت چاكەتێك لەبەر بكەیت، وا چاكە بلووزەكەی ژێر چاكەتە لەگەڵ رەنگی جلی خوارەوە هاوڕەنگ بن.
- پشتێنی رەنگاوڕەنگ و جیاواز لە رەنگی جلەكەت، جەستەت بە كورتی و پڕی نیشان دەدات، یان ئەگەر پشتێنەكەت پان و گەورە بێت كاریگەری لەسەر شێوەی جەستەت دەكات، هەر بۆیە لەم كارە هەڵەیە دوور بكەوە و هەردەم پشتێنی هاوڕەنگ و باریك لە پشت بكە.
- كاتێك دەتەوێ دوو جل لەسەر یەكتر لەبەر بكەیت، وەك قەمیس لەسەر بەدی، یان بلووز لەسەر قەمیس، پێویستە رەنگەكانیان جیاواز بن، چونكە هاوڕەنگیان چ سوودێكی بۆت نابێ، بۆیە هەوڵبدە لە رەنگدا جیاواز بن، بەڵام جیاوازی رەنگەكانیشیان زۆر نەبێ، بۆ نموونە : نابێ قەمیسەكەت لە رەنگی پەمەیی و بلووزەكەت لە رەنگی رەساسی بێت !
- گرنگترین شت ئەوەیە قیاسی جلەكەت با لە قیاسی لەش و لارت گەورەتر نەبێت و یان بە پێچەوانە تەسك و كورت بێت، لە هەردوولایەندا جەستەت دەشێوێت و جوانیت تێكدەدات
Top