رێنمایی دروست بۆ ماڵەكەت

رێنمایی دروست بۆ ماڵەكەت
ماڵەكەت هەردەم پێویستی بە گرنگیدان و پاكڕاگرتن هەیە، تا چەند ماڵەكەت جوان و رەنگین بێت، مانای كارامەیی و خاتوونی تۆ دەردەخەن، هەر بەشێكی ماڵەكەت پێویستی بە جێی دەستت هەیە، تا ئەو كاتەی دڵت بە هەر لایەك و بەشەكانی ماڵەكەت خۆش دەبێت و هەر كەسێكیش بێتە ماڵەكەت بە جوانی سەرنج دەدات و دەستخۆشیت لێدەكات، چەند رێنمایی و هەنگاوێك هەن، ماڵەكەت زیاتر جوانتر و قەشەنگتر دەكەن لێرەوە بیانزانە:
- بۆ نەهێشتنی بۆنی ناخۆش لە هەندێ شوێنی ماڵەكەت، دەتوانی كەمێك خوێ بەو شوێنە بڕێژیت كە بۆنی ناخۆشی لێ پەیدادەبێت، بە تایبەت ژێر كاوەنتەرەكانی ژووری ناندێن و گەرماو، دواتریش بۆ زیاتر بۆن خۆشكردنی ئەو شوێنانە، دەتوانی خەلی سپی بەكاربهێنیت، كە ئەوەش بۆ ماوەی (15) خولەك بێت و دواتر ئاوی بەسەردا بكە.
- ئەو كاتەی نیازت وایە قەنەفەكانی ژووری دانیشتن و میوان بگۆڕیت، كە ئەوەش ئەرك و ماندووبوونێكی زۆری دەوێ، چاكترە، بەرگێكی قەنەفە دابین بكەیت و بەسەر قەنەفەكانی دابدەیت و بەمەش دیكۆرێكی تازەی بۆ دەبێت.
- زۆر جار شانە و كەرەستەكانی ماكیاژت پڕ دەبن لە تاڵە موو، كە ئەوەش دەبێتە هۆی قیزەوەنی و بێزاركردنت، تەنانەت هەندێ لە ئەندامانی ماڵەكەت پێوەی نیگەران دەبن، بۆ چارەسەری ئەو گرفتە دەتوانی سەرەتا شانەكان بهێنیت و بەڵام دەستەوانە لە دەستت بێت، پاشان گیراوەی ئەمۆنیاك بهێنە و شانەكانی بە دەستت پاك بكەرەوە و پاشان بیخەرە ناو گیراوەكە، بۆ ماوەی (30) خولەك، دواتر شانەكان دەربهێنە و بە ئاوی شلەتێن بیانشۆ، ئەو كاتە شانەكانت جوانتر و پاكتر دەبنەوە.
- بۆ پاكڕاگرتن و بە بریقە كردنی زۆربەی بەشەكانی ماڵەكەت، رۆژانە بە پارچە قوماشێكی نەرم، هەندێ تەڕی بكە و كەمێك شامپۆی بەسەردا بكە، دواتر بەسەر ئەو شوێنانەدا بهێنە كە دەتەوێ بە بریق و باق بن، بە تایبەت ئەو شوێنانەی كە رووبەرووی پیسبوونی زیاترن، لەوانە پەردەكان و دەرگا و پەنجەرەكان.
- ئەو ژوورانەی كە بڕیكی كەم تیشك و رووناكیان پێدەگات، دەتوانی رەنگی ئەو ژوورانە یان ئەو شوێنانە لە رەنگی كراوە بن، واتە ئەگەر مەبەستت بوو رەنگی شین لەو ژوورە بدەیت، چاكترە رەنگی شینی كاڵ یان شینی ئاسمانی بێت، ئەگەریش ئەو ژوورەش كە رووناكی زۆر بەردەكەوێت، دەتوانی رەنگێكی تۆخی بۆ هەڵبژێریت تاوەكو رووناكەیەكە هەڵدەمژێت و كەمی دەكاتەوە.
- تا ئامێری ساردكەرەوەكەت چاكتر كاری خۆی بكات و سارد بێت، هەوڵبدە سێ چارەكی ناو ساردكەرەوەكەت شت و خواردن تێبكەیت و با پڕ نەبێت، تا هەوای سارد لە ناوەوە هاتوچۆ بكات و هەموو كەرەستەكان سارد بكات، هەروەها هیچ پارچە قوماش و نایلۆن لەنێوان نێوان تەبەقەكانی دامەنێ تا هەوای سارد بۆ هەموو بەشەكانی دیكە بچێت.
Top