مێژووی سەرهەڵدانی ئوتوو دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەم، كە سەرەتا لەلایەن چینییەكان ئەو بیرۆكەیە دۆزرایەوە و ئەوان بایەخێكی زۆریان بە جوانی و رێكی جل وبەرگ داوە، ئەوە بووە بیرۆكەیەك تا بتوانن كەرەستەیەك دروست بكەن تا جلی پێ رێك و جوان بكرێت، سەرەتا پارچە ئاسنێكیان گەرم دەكرد و بە جلەكەیان دەخشاند، دواتر لە سەدەی حەفتەمدا، چینییەكان بیرۆكەكەیان پەرەپێدا و ئەمجارە كرایە شێوەی كوپێكی وەك ئوتووی ئێستا كە لەسەر ئاگر دادەنرا، دواتر بیرۆكەكە گواسترایەوە بۆ كیشوەری ئەوروپا، ئەوانیش توانیان ژێرەوەی ئوتووەكە بە بەردی چیایی بپۆشن تا زوو سارد نەبێتەوە، پاشان لە سەدەی شازدەهەمدا، شێوەی ئوتوو گەورەتر بوو، بە تایبەت لەلایەن هۆڵەندییەكانەوە بیرۆكەكەیان باشتر كرد بە دانانی دوو پارچە ئاسن لەسەر یەكتر، تا زۆرترین ماوە بە گەرمی بمێنێتەوە، لە نێو كوردەواریشدا جاران پیاوان و كەسانی دیار بە تایبەت پیاوانی سەركردە و سەرمایەدار و ئاغاكان، جلی كەشخە و جوانیان لەبەر دەكرد، لەگەڵ ئەوەشدا دەبووایە جلەكانیان پاك و رێك بێت، سەرەتا ئوتوو كردن بە ژێرەوەی كتری چا و ئاو گەرم كردن بوو، كە كترییەكی گەورەی ژێرەوە پانیان دەهێنا، پاشان ئاویان تێدەكرد و دواتر ئاوەكە گەرم دەكرا، جلەكەیان دەهێنا و پارچە قوماشێكیان دەخستە سەر جلەكە تا نەسووتێ یان رەنگی رەشی ژێرەوەی كترییەكە نەگرێ، ئینجا ئوتوویان دەكرد، پاشان ئەو كترییە نەما و ئوتووی سەر ئاگر پەیدا بوو، كە لەسەر ئاگر دادەنرا و دواتر ئوتووی پێدەكرا، پاشان ساڵانی حەفتاكان، بیرۆكەی ئوتووی رەژووی دار پەیدا بوو، كە ناوەوەی بۆشایی بوو، رەژووی داریان دەهێنا و گەرم دەكرا، دواتر دەیانخستە ناو بۆشایی ئوتووەكە و تا جلەكانیان ئوتوو دەكرد هەر گەرم دەبوو.