بروسك و گەوارەی پاییزان

بروسك و گەوارەی پاییزان
پاییز بە وەرزی خەزان و گەڵاوەرین و سەرەتای وادەی باران بارینە، لەو وەرزەدا هەندێ جار بارانی بە گوڕ و هەندێ جاریش لێزمەی باران ئەو وەرزە دەگەشێنێتەوە، تەنانەت هەورە تریشقە و گەوارە و برووسكیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بەم دواییەش چەند جارێك لە كوردستان باران باری، لەگەڵ بارانەكەش برووسكی بەهێز و گەوارەی دەنگ گەورە، شەوانی كوردستانی رووناك دەكردەوە و بە دەنگە بەهێزەی گرمەی دەخستە گوێچكەی هەمووان. وێنەگرتنی هەورەتریشقە ئەستەمە و كارێكی قوڕسە، زۆربەی وێنەگرانیش توانیویانە چەندین وێنەی برووسك لە ئاسمانی شارەكانی كوردستاندا بگرن، هەورە تریشقە زۆر بەخێرایی دێ و كەس نازانی لە كام لادێت، یان چاوی مرۆڤ ئەوەندە ناتوانی هەور تریشقە بهێنێتە پێش وەك لە زوومی كامێراكاندا بە روونی بەدیار دەكەون. وەك دەزانن هەورە تریشقە بریتییە لە تەوژمێكی بەهێز و خێرا، لە هۆكاری خاڵی بوونەوەی تەوژەمی كارەبایی نێوان هەورەكانی ئاسمان كە جەمسەری كۆ پێكدەهێنن، لەگەڵ جەمسەری ساردیش كە زەوییە، لەو بەریەككەوتنەدا ئەو تیشكانە لەنێو هەورەكاندا بەرەو زەوی دێن و لەو شوێنە دەدەن كە بەشێكی زۆری جەمسەری كەم واتە سالبی لێی كۆ بوونەتەوە، بەتایبەت ئەو شوێنانەی ئاسنی تیژ و سەر باڵەخانە و تەنانەت هەندێ جاریش لە مرۆڤیش دەدات، بۆیە لە سەر هەموو باڵەخانەیەك تاوەرێك هەیە بۆ بەتاڵ كردنەوەی ئەو هەورەتریشقانە، هێزی برووسك دەگاتە (5 بۆ 25) هەزار ئەمپێر، هەروەها ڤۆڵتی كارەبای برووسك دەگاتە نێوان (100 تا ملیۆنان ڤۆڵت)، زیاتریش هەورەتریشقە لە هەوری رەش دروست دەبێت، هەروەها كاتێك هەورەتریشقە، دوای 3 تا 4 چركە ئینجا دەنگەكەی دەكات، بەهۆی ئەوەی كە رووناكی خێراترە لە دەنگ.
Top