جوانی ئێكسسوارەكان، چاو و دڵی زۆربەی خانمان تێر ناكات، تەنانەت ئەگەر رۆژانە سێ، چوار جار ئێكسسوارەكانیان بگۆڕن، دڵیان تێر جوانی نابێت، جوانیی ئەو ئێكسسوارانەی لە ئێستادا دەردەكەون، مایەی خۆشحاڵی و سەرنجن كاتێك لە دەست و مل و بەرۆكی كچان و ئافرەتانەوە دەبن، لەم وەرزە رەنگ زەردەدا، كە زۆربەی گەڵا و دار و بارەكان خۆیان بە رەنگی خەزان و زەرد نیشان دەدەن، بۆیە دەبێ خانمان ئەو ئێكسسوارانە لەبەر خۆیان بدەن كە رەنگاوڕەنگن، تا رەنگی پاییز رووپۆش بكەن و رەنگاڵەی بكەن. گوارە، یەكێكە لە نایابترین ئێكسسوارەكان، كە سەر و گوێچكەی خانمان بە رەنگە قەشەنگ و شێوە جۆراوجۆرەكانی دەڕازێنێتەوە. لە مۆدی گوارەی پاییزیاندا، جەخت كراوە لەسەر گوارەی شێوە گەورە و زنجیر درێژ، لە بارەی رەنگیشەوە دەڵێن: تا چەند گوارە رەنگاوڕەنگ بێ، ئەوەندە دڵگیر و سەرنجڕاكێش دەبێ، بۆیە مۆدی گوارەی وەرزی خەزان، لە گوارەی شێوە گەورە و رەنگاوڕەنگ و زنجیر درێژە، مەرجیشە كە دەنكەكانی گوارەكە لە مورووی بچووك و خڕ بن، مەبەست لێرەدا ئەوەیە كە لەگەڵ شێوەی گوێچەكەدا نەرم و نیان خۆیان بنوێنن و بە جووڵەوە ئەزیەتی پێستی روومەت و سەر چەنەگە نەدەن.