ئەوانەی فرمێسك دەرێژن، بێگومان فرمێسكەكانیان بە نرخە و لە خۆڕا نییە دێتە خوارەوە، هەر دڵۆپە فرمێسكێك جێگەی بایەخە، بەڵام وادیارە فرمێسكە رژێنەكەی ئەو گەنجە ئەرژنتینییە وای كردووە كە خاوەنەكەی بكاتە هونەرمەند و وێنەكێشێكی بەناوبانگ، چونكە هەموو وێنەكێشەكان فڵچە بەكاردەهێنن بۆ دانانی بۆیە لەسەر تابلۆ و وێنەكێشان، كەچی ئەو وێنەكێشە فرمێسك رژێنەكانی بەكاردەهێنێت لە جیاتی فڵچە و قەڵەم. ئەو گەنجە ناوی (لیۆناردۆ گرانتۆ)یە، كە لە منداڵییەوە ئەو بەهرەیەی هەبووە، كە هەندێ ئاو بخاتە ناو چاوەكانی و دواتریش بە پاڵدانی چیوی چاوی، ئاوەكە لەناو چاوی دێتە دەرەوە، ئێستاش سوودی لەو بەهرەیەی وەرگرتووە بۆ وێنەكێشان، كە بۆیەی وێنەكێشان دەخاتە ناو چاوەكانی و دواتریش فڕێی دەداتە سەر تابلۆی وێنەكێشان، تا ئێستا چەندین وێنە و تابلۆی لەم جۆرەی كێشاوە، كە بە نرخێكی زۆریش فرۆشتوویەتی، كە گەیشتۆتە (1500) یۆرۆ، ئەو گەنجە تەمەنی (27) ساڵە لە شاری بۆینس ئایرسی ئەرژەنتینی دەژی و بە چاوەكانی بۆتە وێنەكێشێكی بەناوبانگ.