ساڵانێكە وەك مۆدەیەكی سەرەكی دادەنرێ، تەنانەت جۆراوجۆری لە شێوازەكانی وایكردووە كە بۆ كاتی دەوام و شوێنی فەرمیش لەبەر بكرێت. ئەوەی باسی دەكەین جینز ـە، جاران زیاتر باوی تەنوورە و پانتۆڵی قوماش بوو، جینزەكانی پێشوو تەنیا لە رەنگی شین بوون، بەڵام دوای دەرچوونی پۆلێك لە جینزی جیاواز و هەمە چەشن، كە مۆدی تەنوورە و پانتۆڵەكانیشی لەخۆ گرتبوو، بەم جۆرە توانی بەسەر هەردوو مۆدە كێبڕكێكەی دیكەی زاڵ بێت و ببێتە خۆشەویست و باو لای زۆربەی كچان و خانمان. مۆدی جاران زیاتر جینزی كراوە و فراوان بوو، ئەوانەی ئێستا زیاتر لە شێوەی بەدی و جەستەگر و تەسكن، جگە لەوەش ماددەی لاستیك و مەتات دەخرێتە ناو پێكهاتەكەیەوە، بۆیە لەبەركردنیشی خۆش و فەڕاحە، لە شێوە و رەواڵەتیشدا، ئەوەی ئێستا باون، بە نەخشی جۆراوجۆر ناسراون، لەوانە : بوونی نەخشی رەنگ لەسەر بەشی پێشەوەی پانتۆڵە جینزەكە، كە بە لیزەر ناسراوە، یان ئەوانەی سادەن و بێ نەخشن، تەنیا لە جینز دروست كراوە، وێڕای جۆراوجۆری لە رەنگی ئەو جینزانە، كە هەندێكیان لە شێوەی پانتۆڵە قوماشن، هەروەها لەسەر شێوەی تەنوورەش دروست كراون، كە خانمان دەتوانن جینز وەك خۆی و لە شێوەی پانتۆڵی قوماش و تەنوورەش لەبەر بكەن، رێنماییەكی تازەی پسپۆران بۆ جینز ئەوەیە، كە بەبێ پشتێن لەبەر بكرێت، تا نەخش و شێوازی راستەقینەی خۆی بە رێكی و تەواوی دەربكات.