لە رەفتار و زمانی منداڵەكەت ئاشنا بە

لە رەفتار و زمانی منداڵەكەت ئاشنا بە
زۆربەی دایك و باوكان بە دەست داواكاری و ناز و خواستی منداڵە بچووكەكانیانەوە دەناڵێنن. هەندێ جار بۆ ئەوەی منداڵەكەیان رازی بكەن، یان لە گریان كڕی بكەنەوە، هەموو شتێك دەكەن، تەنانەت كەرەستە و كەل و پەل و هەرچی بەردەست بێت بە منداڵەكەیان دەدەن، تەنیا بۆ رەزامەندی كۆرپەكەیان. دەگوترێ دایك و باوكان بەهۆی نەشارەزابوونیان لە چۆنیەتی تێگەشتن لە زمان و حاڵی منداڵ ناتوانن منداڵی یەكەمیان بە پێی پێویست پەروەردە بكەن. پسپۆران دەڵێن: بەهۆی ئەو خۆشەویستییە سەرەتاییەی دایك و باوك بۆ منداڵەكەیان هەیانە، بۆیە دڵیان نایەت كە داواكاری منداڵەكانیان پشتگوێ بخەن، هەر بۆیە چی بوێت بۆی دەكەن، ئەوەش گەورەترین هەڵەی پەروەردەكردنی منداڵە، چونكە وادەكات زیاتر زاڵ بێت و كۆنترۆڵكردنی ئاسان نەبێت. واتە منداڵەكە وای لێدێت كە شتی وا داوا بكات لە ئاست دابینكردنی نەبێ، بۆیە پسپۆڕان ئەم چەند زانیارییە دەخەنەڕوو تا منداڵەكەت بە جوانترین شێوە پەروەردە بكەیت:
تەمەنی (6) مانگی تا (3) ساڵان، بنچینەی پەروەردەكردنی منداڵەكەتە، چۆن ئامادەی بكەیت بەم جۆرە دەردەچێ، چارەسەریش ئاسانە، كە هەندێك توندی و كۆنتڕۆڵی دایك و باوكی دەوێ، تەنانەت هەندێ جاریش دەبێ دان بە خۆتدا بگریت و توندڕەوانە مامەڵە بكەیت، تا بە منداڵەكەت بڵێی ئەوە سنوورە و نابێ بیبەزێنێت. منداڵ زیرەك و ژیرە، ئەو كاتەی دەزانی تۆ بە چی تێكدەچی، یان بێزار دەبیت، ئەو لەسەر ئەو كارە بەردەوام دەبێ و دووبارەشی دەكاتەوە، ئەگەر كەرەستەیەكی ویست تۆش پێت نەدا، رەنگە هاوار بكات، یان گریانێكی زۆر بكات، یان بنووزێتەوە، دەتوانی چارەسەری ئەو حاڵەتە بكەیت لە دوورەوە، واتە لەلای منداڵەكە مەبە و تەنیا چاوت لەسەر بێت، هێواش هێواش منداڵەكە واز لەو رەفتارانەی دەهێنێت و رەزامەند دەبێت، هەوڵمەدە منداڵەكەت بە كار و پاداشتی بەردەوام رازی بكەیت، وەك ئەوەی بڵێ: وامەكە ئینجا دەتبەمە دەرەوە، یان بۆ شاری یاری، یان شتێكت بۆت دەكڕم، ئەوەیان تەنیا لە كارە باشەكاندا بەكاربهێنە.
Top