كچە هەڵەبجەییەك قوتابی نموونەیی وڵاتی سویدە

كچە هەڵەبجەییەك قوتابی نموونەیی وڵاتی سویدە
(سیما) خەڵكی هەڵەبجەیە، ئەمساڵیش زۆربەی یەكەمەكانی كوردستان لە شاری هەڵەبجە بوون، سیماش دانیشتووی وڵاتی سویدە، ئەمساڵ بە قوتابی نموونەیی دانراوە، واتە نمرەكانی لەسەرەوەیە و یەكەمە، ئەمساڵ لە كۆلێژی پزیشكی وەرگیراوە و لە داهاتووشدا دەبێتە دكتۆرێكی شۆخ و شەنگی كورد، كە لەلایەن نوێنەری پاشای سوید بە بۆنەی سەركەوتنیەوە پیرۆزبایی لێ كردووە و دیبلۆمی پاشایەتی بۆ كەسە نایابەكان بە هاوبەشی (ڤێتافێلتسكا) پێ بەخشراوە، بڕیاریشە لە داهاتوودا بگەڕێتەوە كوردستان، ئێمەش لە چاوپێكەوتنێكدا بەسەرمان كردەوە :
* تەمەنت چەندە و لە چ قوناغێكی خوێندنی ؟
- ناوم سیما شاهۆ هەڵەبجەیی، تەمەنم (19) ساڵە و ئەمساڵ بوومە قوتابی نموونەیی وڵاتی سوید، واتە نمرەكانم هەموویان لە سەرەوەی یەكەمەوە بوون، بۆیە ئێستا لە كۆلێژی پزیشكی شاری گۆتیبۆرگی سویدی وەرگیرام، لە بارەی بوونم بە قوتابی نموونەیی، هەموو هاوڕێ و مامۆستایانم خۆشحاڵ بوون و پیرۆزباییان لێم كرد.
* ئەمساڵ (8) یەكەمەكانی كوردستان، (6)یان كچ بوون ؟ ئایا كچان زیرەكترن لە كوڕان یان هۆكاری چییە كچان پلەی یەكەم بەدەست دەهێنن ؟؟ زۆربەشیان خەڵكی هەڵەبجە بوون ؟ رات چییە لەم بارەیەوە ؟
- زیرەكی بە كچ و كوڕی نییە، دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵدانی خۆت، چۆنیەتی بەرنامەدانان بۆ خوێندن و پشوو وەرگرتنی مێشك، هەڵەبجەش لە مێژە شاری شاعیران و خوێندەواری و رۆشنبیری بووە، ئێمەش وەك كچانی عەدیلەخان، دەبێ سەركەوتووش بین، جێ دەستمان دیار بێت.
*نیازت وایە لە داهاتوو ببیت بە چی ؟ پاش خوێندن تەواو كردن حەز دەكەی بگەڕێتەوە و لە كوردستان خزمەت بكەی؟
-ئێستا لە كۆلێژی پزیشكی لە شاری ۆتیبۆرگی سوید وەرگیراوم، هیوادارم بە سەركەوتوویی خوێندنم تەواو بكەم و بگەڕێمەوە بۆ كوردستان و خزمەتی مرۆڤایەتی و كوردستان بكەم، تا بتوانم بە زانستی تازە بهێنمە كوردستان و بە هاوبەشی لەگەڵ پزیشكانی دیكە كاری باش بكەین.
*سیستەمی خوێندنی كوردستان و سوید ئێستا نزیكن لە یەكتر بۆ خویندن ؟ ئامۆژگاریت بۆ قوتابیان جییە تا بە جوانی بخوینن؟
- بیستوومە كە سیستەمی خوێندن لە كوردستان هاوشێوەی سیستەمی سویدی لێهاتووە، بەڵام هێشتا ماویەتی، چونكە سیستەمی سویدی پێشكەوتووە و ئامۆژگاریم بۆ قوتابیان ئەوەیە كە تەنیا هەر نەخوێنن بەڵكو كاتیش بۆ پشوو و چوونە دەرەوە دابنێن.
*ئەگەر لە كوردستان بوویتانە، دەتتوانی هەمان ئەو سەركەوتنە بەدەست بهێنیت؟
- ئەگەر قوتابییەك بیەوێ بخوێنێت، لە هەر شوێنێك بێت و هەوڵبدات، كێشە نییە، ئەگەر لە هەر بارودۆخێكیشدا بێت، جگە لە خوێندن حەز بە مەلە كردن و كتێب خوێندنەوەی زۆر دەكەم.
Top