شێوازەكانی بڕین و چاككردنی پرچ!

شێوازەكانی بڕین و چاككردنی پرچ!
خانمان دەبێ زیاد لە پێویست گرنگی بە پرچیان بدەن، چونكە پرچیان تا چەند جوان بێت، هێشتا كەمە پسپۆڕان دەڵێن: جوانترین پرچ ئەو پرچەیە كە لە شێوەی تاڤگەیەك بچێت، لەسەر سەرەوە بەسەر شانەكان و بەرۆكتەوە بێتەخوارەوە. خانمان دەزانن دوای هەر بڕینێكی پرچ، پێویستە بۆ ماوەیەك چاوەڕێ بكەن تا پرچیان دێتەوە، پاشان پێویستیان بە چاككردن و رێككردن دەبێت، بۆیە وا باشە دیسانەوە سەردانی ئارایشگا بكەن و ئەو بەشە زیادەی پرچیان نەشیاو دەكات، چاكی بكەن و بیبڕن.
- بۆ ئەوانەی پرچیان كورتە، دەتوانن پرچیان لە شێوەی شەپۆڵی دەریا بێت، هەروەها بۆ ئەوانەی پرچیان تێكەڵ و لوولە، دەتوانن ژێرەوەی لە شێوەی تەڵ تەڵ دیار و بەربڵاو بێت، تا جوانتر دەربكەون. هەروەها ئەوانەی پرچیان لووسە، دەبێ دوور بكەونەوە لە شێوەی شەپۆڵ و تەڵ تەڵ، بەڵكو چاكترە بە لووسی و سادەیی بمێنێتەوە.
- ئەوانەی شێوەی دەم و چاویان خڕ و بازنەییە، واچاكە شێوازی پرچیان كورت و ورد نەبێت، بۆ ئەوەی گەورەیی و بازنەیی دەم و چاویان بشارێتەوە، دەبێ پرچیان درێژ و بۆڕ بێت، چونكە پرچی كورت دەم و چاو زیاتر بە دیار دەخات، هەروەها بۆ ئەوانەش كە باڵایان كورتە، ناكرێ پرچیان زۆر درێژ بێت، چونكە شێوەی بەژن و باڵایان دەكوژێت.
- دەبێ ئاگاداری جۆری پرچت بیت، كە بزانیت چ جۆرە سیشوار و تەسریحەیەكی لەگەڵدا دەگونجێت، چونكە كاتێك پرچت خاو بێت، ناتوانیت پرچت كورت بكەیتەوە، بەم شێوەیە هەردەم پرچت ناڕێك دەبێت و جێگیر نابێت، ئەگەر پرچت بۆڕ و تێكەڵ بوو، چاكترە كورتی ببڕی.
- ئەگەر حەزت بە پرچی درێژە و نیازت وایە درێژی بكەیت، دەبێ ئەوەش بزانی كە پێویستی بە خزمەت و كاری زیاترە، بۆ ئەوانەش كە پرچیان زۆرە، دەبێ بە وریایی گرنگی بە پرچیان بدەن و تێكی نەدەن، هەروەها پێویستە كۆتایی پرچت رێك بكەیت و بە شێوەیەكی یەكسان بێت، تەنانەت دەتوانی كۆتایی پرچت بە تایبەت لە خوارەوە بە شێوەی پایە پایە بێت.
Top