لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ماوە ماوە بە بەشداری كەسانێكی زۆر و بۆ خۆشی خەڵك لە شوێنێكی دیاری كراودا نمایشی مۆتۆرسكێل دەكرێ. مۆتۆرسوارەكان خۆیان بۆ فڕین و وەستان لەسەر مۆتۆڕەكانیان ئامادە دەكەن و دواتریش لە نمایشێكی جواندا چەندین جووڵەی سەیر و جوان ئەنجام دەدەن، وادیارە لە كوردستانیش مۆتۆرسواری بەتوانا و بوێر هەن، كە هەندێك لە خۆیانەوە جار جارە لەسەر شۆستە و شەقامەكاندا بە مۆتۆرسكێلەكانیان نمایشی وا دەكەن كە جێگەی سەرسوڕمانی خەڵك دەبێت. بەڵام ئەوە مەترسیدارە و شوێنی تایبەت بە خۆی دەوێت. (كاكۆ رەشید) كە بە (رۆكۆ) ناسراوە، ئەو گەنجە بەتوانا و خاوەن بەهرەیە كە لەگەڵ مۆتۆرسكێلەكەیددا هەندێ جووڵەی وا دەكات، رەنگە رووبەڕووی مەترسی ببێتەوە. سەبارەت بەو كارانەشی بۆ گوڵان وتی: «ئێمە گروپێكمان داناوە بەناوی تیپی مۆتۆرسكێلانی هەولێر، كە كۆمەڵە كەسێكین جار جارە لەگەڵ هاوڕێ و كەسانی نزیكم، نمایشی مۆتۆرسكێل ئەنجام دەدەین و كەسانی دەوروبەریش سەرمەست دەكەین، بەڵام بڕیارم داوە كە واز لەو كارە بهێنم، چونكە نمایشەكانی تایبەتە و كەسیش پشتیوانی ناكات، ئەی ئەگەر شتێكم بەسەر هات، ئەوكاتە كەس یارمەتیشم نادات».