كڵاوی كوردەواری خانمان بۆ زەماوەند و بۆنەكان

كڵاوی كوردەواری خانمان بۆ زەماوەند و بۆنەكان
جل و بەرگ و خشڵی كوردەواری زۆر جوان و سەرنجڕاكێشن لە شێوە و نەخشدا، جارانیش ئافرەتانی كورد، چەندین جۆری خشڵ و مەچەك و ملوانكە و گۆبەرۆك و دەستبەند و هەموو چەشنەكانی دیكەی ئەو جوانكارییانەیان بەكار هێناوە و جێی بایەخی ئافرەتانی كورد بووە، تا ئێستاش لە زۆربەی بۆنە و زەماوەندەكان لەسەر سەر و دەستی كچاندا دەبیندرێن. هەر یەكێك لەو ئێكسسوار و خشلانەش شێوە و دیزاینی تایبەتی هەبووە. كڵاوی سەر هەبوو، كە ئەو كڵاوە وەك نەخشێك بوو لەگەڵ جلی كوردی لەسەر دەكرا. كڵاوی خانمانە دوو جۆر بوون، یەكێكیان لە پێست دروست دەكرا، كە سادە و یەك رەنگ بوو، ئەوەی دیكەش لە پەڕۆ و قوماش بوو، ئەوەی دووەمیان زیاتر باو بوو، تا ئێستاش لەلایەن كچانی كوردەوە داوا دەكرێ، كە لەسەرەوە بە قاشە لیرەی جۆراوجۆر رازاوەتەوە، تەنیشتەكانیشی بە زنگیانە و مووروو دەڕازێننەوە، بەشی ناوەڕاستی سەرەوەشی بە نەخش داپۆشراوە، ئەو لیرە و ئێكسسوارانەی لە كڵاوی كوردی خانماندا بەكاردەهێندران، زیاتر لە زیو بوون، تا ئێستاش زیو لە خشڵ و ئێكسسواری كوردیدا بەشی زۆرینەی بەركەوتووە و لەلای خانمانیش جوان و باوە.
Top