رادیـــــۆی جــــــاران

رادیـــــۆی جــــــاران
وەك سەربردەیەكی خۆش دەگێڕنەوە، كە تازە رادیۆ هاتبوو، وا دیارە دایكە پیرێكی ئەو ماڵەی تازە رادیۆی لە ماڵدا هەبوو، ئەویش هەڵسابوو خواردنی ئامادە كردبوو، گوتبووی بۆ ئەوانەیە كە لەناو رادیۆكەدا قسە دەكەن و نەوەك برسییان بێت و مێوانن ! ئەوە یەكەم بەزمی هاتنی رادیۆ بوو، رادیۆ ئەو ئامێرە كۆنەیە كە سەرەتا لە ساڵی (1889) لەلایەن زانایەكی ئەڵمانی بە ناوی (هینری هێرتز) داهێنرا كاتێك كاری لەسەر دروست كردن و فرێدانی لەرەلەری كرد، دواتریش زانایەكی فەڕەنسی بەناوی ئیدوار برانیلی كە پارچە ئاسنی لە یەكتر جێگیر كرد تا بتوانێ لەرەلەرەكان بگوازێتەوە نێوان دوو پارچە ئاسنەكە، پاشان زانایەكی دیكە بە ناوی ئەلیكسەندەر بۆبۆڤ كە یەكەم لەبەری كارۆموگناتیسی داهێنا، لە كۆتاییشدا لە ساڵی 1895 گۆلیلمۆ ماركۆنی ئیتاڵی، توانی سەركەوتن بەو بیرۆكەیە بهێنێت و لەرەلەرەكان بگوازێتەوە، ئەمەو ئەو بیرۆكەیە تا ساڵی (1906) پەرەی پێدرا، لەو كاتەوە یەكەمین شەپۆلی لەرەلەری رادیۆ بە درێژایی زەریای ئەتڵەنتی گوێزرایەوە، ئەوەش بوو بە یەكەمین پەخشی رادیۆ.
سەرەتای هاتنی رادیۆ بۆ كوردستان، بۆ ساڵانی سی و چلەكان دەگەڕێتەوە، دەگوترێ كە كەسێك بە ناوی (ئەحمەد خدر لەك) لە ساڵانی چلەكان یەكەم كەس بوو رادیۆی هێنایە كوردستان، كە زیاتر ئەو كاتە لە شوێنە گشتییەكان و دیوەخان و چایخانەكان دادەنران، لە شەستەكانیش لە چایخانەیەك بە ناوی (یاسین) رادیۆی دانابوو، خەڵكیش گوێیان لە رادیۆ دەگرت و چای خۆشیان نۆش دەكرد، جاران رادیۆ ئەوەندە گەورە بوو، كە ئەوەندەی تەلەفزیۆنێك بوو، بە پاتری گەورە كاری دەكرد، كە پاترییەكانی رادیۆ دوو جۆر بوون، یەكێكیان تەڕی پێدەگوترا، ئەوەی دیكەش برێك، جۆرە رادیۆیەك هەبوو پێدەگوترا (سیڕا)، كە باشترین رادیۆ بووە، ئەو كاتە خەڵك زیاتر گوێی لە رادیۆی بی بی سی و ئیسرائیل دەگرت، چونكە هەواڵەكانی كوردستانی بڵاو دەكردەوە، پاشان رادیۆی كوردی لە بەغدا لە ساڵی (1939) كرایەوە، دواتریش یەكەمین رادیۆی كوردی بە ناوی دەنگی كوردستانی عێراق لە ساڵی (1963) پەیامی كوردانەی بە گوێگران و خەڵك دەگەیاند.
Top