با ماكیاژەكەت هەردەم سادە بێت

با ماكیاژەكەت هەردەم سادە بێت
ماكیاژ و ماكیاژكاری بەردەوام خانمان بە چەشنێك سەرقاڵ دەكات، كە رەنگە هەندێ جار لەبەر ماكیاژەكەیان زۆر شتی دیكەیان لە بیر بچێ، هەر بۆیە كاتێكی زۆریان تەرخان دەكەن تا ماكیاژێك بكەن، ناكرێت هەر ماكیاژ نەكەن، بۆیە ئەگەر تۆی خانمیش ماكیاژیشت كرد، ئەوەندە بە تۆخی مەیكە كە نەشیاوت بكات، ئەوەندەش سادەی مەكە كە هیچی پێوە دیار نەبێت، پسپۆڕان پێیان باشە خانمان ماكیاژی ناوەندی بكەن، تا لە رووخساریان جوانتر دەربكەوێ، بۆ ئەوەی ماكیاژت جوانتر بێت، واچاكە پێستت جوانتر بكەیت، چونكە ئەگەر پێستت رێك نەبێ، ئیدی چەند ماكیاژ بكەیت، ماندووبوونت بە فیڕۆ دەچێ، لەم چەند زانیارییانەی خوارەوە دەتوانی بۆ جوانتركردنی پێستی رووخسارت سوود ببینی:
- سەرەتا كرێمی تەڕ لە دەم و چاوت بدە، بۆ ماوەیەك كرێمەكە بهێڵەوە تا پێستی رووخسارت تەواو كرێمەكە دەمژێ و هەرچی وردە خاڵ و چاڵی بچووك هەیە پڕی دەكاتەوە.
- باشترە كرێمەكە بە ئەسفەنجی ماكیاژ لێبدەیت، نەك بە فڵچە، تا بە جوانی لەسەر پێستت بنیشێت.
- كاتێك دەتەوێ پێستت جوان بێت، پێویستە بۆ كوڵمەكانت پۆدرەی تۆخ بەكاربهێنێت، هەروەها دوور بكەوە لە پۆدرەی سادە، ئەگەر پۆدرەكەش لە شێوەی كرێم بوو، سەرەتا كرێمەكە لێبدە، ئینجا پۆدرەكە.
- گرنگە كە ماكیاژەكەت سادە و ناسك بێ، مەرج نییە بۆیەكان بە تۆخی لێبدەیت، چونكە تا چەند ماكیاژ سادە بێت، ئەوەندە زیاتر جوان دەبێت.
- دەبێ رەنگەكان لە یەكتر نزیك بن و رەنگەكانیش زەق مەكە، چونكە هەر رەنگێكی تۆخ ماكیاژەكەت تێكدەدات.
Top