جاران چەشنێك كەلوپەل و كەرەستەی خۆماڵیمان هەبوو، هەموویان بە دەستڕەنگینیی پیاوان و ئافرەتانی كورد دروستدەكران، زۆربەشیان لە ژیانی رۆژانەی سەر كار و ژیانیان بەكاریان دەهێنا. كڵاو هەبوو، رۆژانە بەسەر سەری پیاوانی سەپان و گاوان و شوانانەوە بوو، زیاتر لە هەردوو وەرزی بەهار و هاویندا كە كاروباریان زۆر دەبوو، كڵاوی لباد یەكێك بوو لەو كڵاوانەی زۆربەی پیاوانی كورد لەسەریان دەنا، بەتایبەت لە ساتەوەختی دوورنەگێران و سەرجۆخینان، كڵاوی لباد دژە هەتاوە، ئەوەی لەسەری بنێ، هەست بە تیژیی گەرمای هەتاو ناكا، جاران كارگەچی هەبوون، ئەگەرچی ئێستاش هەن، بەڵام بە پەنجەی دەست هەژمار دەكرێن، كارگەچی، خوریی بەرخیان دەهێنا، دوای چاك كردن و پاككردنەوەی، ئینجا پانیان دەكردەوە، خوریی بەرخ پێیدەگوترێ (لووا)، چونكە ئەو كڵاوە دەبێ لە جۆرە خورییەك بێت كە زۆر بەر هەتاو نەكەوتبێت، لەگەڵ پانكردنەوەی لوواكە، هەندێك كەپەكیان لەگەڵ خورییەكە تێكەڵ دەكرد بۆ ئەوەی مۆرانە لە كڵاوەكە نەدات، پاشان لوواكەیان وشك دەكردەوە و لە قاڵبیان دەنا، ئەو قاڵبەش دروستكرابوو لەلایەن كارگەچی بەپێی گەورە و بچووكی كڵاوەكە، رەنگی ئەو كڵاوە سپییە، چونكە خورییەكەی لە بەرخی سپی بوو. یەكێك لە خاوەن دووكانەكانی فرۆشتنی ئەو جۆرە كڵاوە، گوتی: ئێستا خەڵك بۆ جوانی كڵاولبادە لەسەر دەنێن، هەندێكیش لەگەڵ جلی كوردی لەبەری دەكەن، هەندێكی دیكەش بۆ كاروباری رۆژانەی خۆیان دەیكڕن.