پێڵاوەكەت بەپێی رەنگ و پێوانە هەڵبژێرە

پێڵاوەكەت بەپێی رەنگ و پێوانە هەڵبژێرە
هەندێ لە خانمان لە هەڵبژاردنی كەرەستە و ئێكسسواردا هەڵە دەكەن، رەنگە كەرەستەیەكی جوان و گرانبەها لە نرخدا بكڕن، بەڵام دواتر پێیان جوان نابێت، هۆكاریشی دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی گونجاندنی ئەو كەرەستەیە لەگەڵ جل و بەرگ و بەشەكانی دیكەی جوانی، ئەگەر پێڵاو بۆ نموونە وەربگرین، دەبینن زۆربەی خانمان سەركەوتوون لە هەڵبژاردنی ئەو كەرەستەیەدا، هەندێ جاریش زۆربەی كچان هەڵە دەكەن لە هەڵبژاردنی شێوە و رەنگی پێڵاو، لێرەدا تیشك دەخەینە سەر ئەو زانیارییانەی لەلایەن پسپۆڕانەوە خراوەتەڕوو لە سەر هەڵبژاردنی پێڵاوێكی شیاو بۆ خانمان:
كاتێك پانتۆڵێكی جینز، یان قوماش لەبەر دەكەیت، دەبێ رەچاوی خوارەوەی پانتۆڵەكەت بكەیت، واتە ئەگەر خوارەوەی پانتۆڵەكەت تەسك بوو، وا چاكە پێڵاوێكی گەورە لە پێ بكەیت، پێچەوانەی ئەوەش راستە، ئەگەر خوارەوەی پانتۆڵەكەت گەورە بوو، پێڵاوێكی بچووك لە پێ بكە. لە بارەی رەنگی پێڵاو و جل و بەرگەوە، دەبێ رەچاوی ئەو لایەنە بكەیت، كە ئەوەش بەپێی خواستی خۆت دەوەستێ، هەندێ لە كچان حەز دەكەن رەنگی پێڵاو و جلیان جیاواز بێت، یان لەگەڵ رەنگی جانتا و ئێكسسواردا هاوڕەنگی دەكەن، بەڵام چاكترە رەنگی پێڵاو لەگەڵ رەنگی جل و بەرگدا لە دوو رەنگی جیاواز بن. لە بیریش مەكە هەمیشە پێڵاوی پێوانەی خۆت لەپێ بكە، چونكە كاتێك پێوانەی پێڵاوەكەت گەورەتر دەبێت لە پێوانەی پێ، دەبێتە هۆی ناوازەیی و نەشیاوی لە هەڵبژاردنتدا، هەروەها ئەگەر تەسكیش بێت، ناڕەحەتت دەكات و بێزار دەبیت.
Top