هێشتا وەرزی سەرما تێنەپەڕیوە، تۆش بۆ ئەوەی لە تەندروستییەكی باش و سەلامەتدا بی، واچاكە جلی پۆشتە لەبەر بكەی و لە سەرما دوور بكەویتەوە. چونكە ئەگەر جلێكی وات لەبەر نەبێت، دەبێتە هۆی سەرما بوونت، هەروەها دووچاری تێكچوونی پێستت دەبیتەوە، بەمەش جوانیت تێكدەچێ، تۆش وەك خانمێك ئەگەر دەتەوێ جلەكەت داتپۆشێت و بە دڵی كەسانی دەورەبەریشت بێت، دەتوانی بلووزێكی نەرم و سەرنجڕاكێش لەبەر بكەیت. جوانی ئەو جلە لەوەدایە كە لەگەڵ هەموو جلێكی دیكەی خوارەوە دەگونجێ، واتە دەتوانی بلووز لەگەڵ پانتۆڵی جینز و تەنوورە و تەنانەت كۆلۆنیش لەبەر بكەیت، شێوازی بلووز زیاتر دوو جۆرە، یەكەمیان بلووزی درێژە و تا سەر ران دەبێت، ئەوانەی دیكەش تا سەر ناوقەدە، لە بارەی رەنگی بلووزەوە، خانمان دەتوانن رەنگێكی پڕ بە دڵیان هەڵبژێرن و ئازادن چ رەنگێك لەبەر دەكەن، تەنیا دەبێ رەچاوی شوێن و كاتی خۆیان بكەن، كاتێك دەیانەوێ لە دەوام بن چ جۆرە رەنگی جل باشە بۆیان، یان كاتێك لە ماڵ و لە دەرەوە دەبن رەنگێكی دیكە هەڵبژێرن.