جاران لە هەولێر خۆشترین باخچە هەبوو كە بە باخچەی گڵكەند ناسرا بوو، زۆربەی گەنجان رۆژانە سەردانیان دەكرد، تەنانەت خەڵكیش بە خێزانەوە كاتێكی خۆشیان لەو باخچە خنجیلانەدا بەسەر دەبرد، لە نێو دڵی خەڵكدا جێگەیەكی خۆش و دڵگیری هەبوو، هەڵبەت ئێستاش یادگاری نافوورەی ناوەڕاستی ئەو باخچەیە كە وەك قاپێكی گەورە بوو، لە دڵی زۆربەمان ماوە، بە قاپەكەی گڵكەند ناسرابوو، ئەو باخچەیە بۆ چەند ساڵێك داخرا و خەڵكیش لە خۆشی و یادگارییەكانی ئەو شوێنە بێبەش بوون، باخچەی گڵكەند دەكەوێتە خوارووی قەڵای هەولێر، دەكەوێتە شوێنێكی نزم و تەنانەت پێشتر باخچەی ئاژەڵانیشی لێ كراوەیەوە، لەو باخچەیەدا چەندین داری گەورە هەیە كە تەمەنیان نزیكەی سەدەیەكە، ئێستا ئەو باخچەیە لە قوناغەكانی كۆتایی نۆژەكردنەوەیدایە، دیسانەوە خەڵكی ئەوشارە دەتوانن یادگارییەكانیان لەو شوێنەدا بیر خۆیان بهێننەوە و لە رووی جوانكاری باخچەوە بە جوانترین شێوازی ئەندازیاری باخچە نۆژەن دەكرێتەوە، جێگەی ئاماژەیە بە چەندین دار و گوڵی جۆراوجۆری تێدا چێندراوە، هەروەها چیمەنەكەی دووبارە دەچێندرێتەوە، بۆ ئەوانەی خولیای گەڕان و سووڕانن چەندین رێڕەوی رۆیشتن لەناوەڕاستی باخچەكەدا بۆ گەڕان و پیاسە دروست كراوە.