واژۆ بۆ ئازادكردنی 13 په‌یامنێری ئاژانسی دیجله كۆده‌كرێته‌وه
ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی ئاژانسی دیجله (DİHA) –گرنگی به‌هه‌وڵه‌كانی كورد ده‌دات-، له‌مساڵدا له‌لایه‌ن هێزه ئه‌مینه‌كانی توركیا له‌و وڵاته ده‌ستگیركراون، تائێستا زۆرینه‌یان دادگایی نه‌كراون.
به‌پێی هه‌واڵێكی سایتی (بیانێت)، 105 ڕووناكبیر و رۆژنامه‌نووس و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر له ڕاگه‌یاندراوێكدا، كه هاوكات داواكارییه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی واژۆ له‌سه‌ر وێبسایتی (change.org) له‌خۆده‌گرێت، داوایان له "ڕژێمی ئه‌ردۆغان" كردووه په‌یامنێره‌كان ئازاد بكات.
له‌به‌شێكی ڕاگهیاندراوهكهدا هاتووه "نه‌ك هه‌ر توركیا به‌ڵكو هه‌موو جیهان ده‌زانێت كه هه‌ركه‌سێك جیاواز له حكومه‌ت بیربكاته‌وه یان بنوسێت ئه‌وا ده‌بێته ئامانجی ڕژێمی ئه‌ردۆغان. ده‌خوازرێت كه گه‌له‌كه‌مان ڕابهێنرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ڕژێم بلاوی ده‌كاته‌وه."
به‌بڕوای ئه‌وان، ده‌ستگیركردنی په‌یامنێره‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی دیجله ده‌سه‌لمێنێت رۆژنامه‌نوسه‌كان به‌دڵسۆزییه‌وه كارده‌كه‌ن بۆ ئاشكراكردنی ئه‌و ڕاستیه‌ی له ناوچه‌كه‌دا ڕووده‌دات، به‌پێچه‌وانه‌ی "سیاسه‌تی پڕوپاگه‌نده‌كردنی میدیای بێ‌توانا كه بۆته بابه‌تی گاڵته‌جاڕی هه‌موو كه‌س".
هه‌وره‌ها جه‌ختیانكردۆته‌وه "ئێمه كه واژۆمان كردووه داواده‌كه‌ین ده‌ستبه‌جێ په‌یامنێرانی DİHA كه هه‌وڵیانداوه هه‌واڵی ئه‌و شه‌ڕه نه‌گریسه‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا ئه‌نجامده‌درێت به خه‌ڵك بگه‌یه‌نن، ئازادبكرێن".
داواش له‌خه‌ڵكی دیموكراتخوازی توركیا ده‌كه‌ن پشتیوانی خۆیان بۆ ئاژانسه‌كه ده‌رببڕن وه‌كو چۆن پشتگیری خۆیان بۆ رۆژنامه‌نوسه ناسراوه‌كان ده‌ربڕیوه.
15ی ئه‌م مانگه سایتی (توركیش مۆنیته‌ر) بڵاویكرده‌وه، په‌یامنیره‌كانی ئاژانسی دیجله هه‌مویان له‌مساڵدا دهستگیركراونو دووانیان سزای به‌ندكردنیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، به‌ڵام ئه‌وانی تر چاوه‌ڕوانی دادگاییكردنن.
له‌مانگی حه‌وتی ساڵی رابردووشه‌وه، وێبسایتی ئاژانسه‌كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی توركیاوه بلۆك كراوه.
