پنتاگۆن گەورەترین کەشتی بێکەشتیوانی تاقیکردەوە

 پنتاگۆن گەورەترین کەشتی بێکەشتیوانی تاقیکردەوە
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، گەورەترین کەشتی بێکەشتیوانی لە کەنارە ئاوییەکانی ساندیەگۆ تاقیکردەوە. کەشتیەکە بە کۆنترۆڵ و بەبێ تیمی کەشتیوانییە و دەتوانێت زیاتر لە 10 هەزار میل بە نێو دەریادا گەشت بکات.

هاوشێوەی درۆنز، واتە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئۆتۆمبێلی درایڤلیز واتە ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رۆژی دووشەممە 2-5-2016، گەورەترین کەشتی بێکەشتیوانی لە سان دیەگۆ تاقیکردەوە.

لەکەنارەکانی شاری سان دیەگۆ سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیا گەورەترین کەشتی بێ کەشتیوانی جیهانی ئاشکرا کرد، کە بە کۆنترۆڵ و بەبێ تیمی کەشتیوانە دەتوانێت زیاتر لە 10 هەزار میل گەشتی دەریایی بکات.

ئاژانسی پرۆژەکانی پەرەپێدان و توێژینەوەکانی پێنتاگۆن دەڵێت، ئەو کەشتییە کەشتییەکی جەنگییە و توانای ئەنجامدانی ئەرکە سەربازییەکانی هەیە.

جێرد ئادامز، گووتەبێژی ئاژانسی پرۆژەکانی پەرەپێدان و توێژینەوەی بەرگری گوتی "توێژینەوکانی ئێمە لەدوایین کاری خۆیدا توانی ئەم جۆرە کەشتییە ناوازەیە ئاشکرا بکات، ئەمە تاکە کەشتی لەم جۆرەیە کە تا ئێستا دروستکرابێت".

ئەو کەشتیە دەتوانێت بۆ مەبەستی سەربازیی لەکاتی جەنگ بەكاربهێندرێت. هەروەها چاودێریکردنی دەریا و بۆ هاوکاریکردنی مرۆیی بەکاردێت لەکاتی کارەساتی دەریاییدا.

جگە لەوەش لەکاتی ئەرکی سەربازییدا کەشتییەکە لەڕێگەی کۆنترۆڵەوە دەتوانێت چاودێری دەریا بکات و ژێردەریاییەکان ئاشکرا بکات و، لە دۆزینەوەی مین و تەقەمەنیش لە دەریادا بەکاردەهێنرێت.

ئەو کۆمپانیایە لەگەڵ ئەو ئاژانسەی وەزارەتی بەرگرییدا بەشداری لە دروستکردنی کەشتیەکەدا کردووە، دەیەوێت پرۆسەکە لەبواری کەشتی و بەلەمی مەدەنیشدا دووبارە بکاتەوە و سەرنجی ئەوروپا و ئاسیا بۆ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئەم کەشتیە رابکێشێت.
Top