وڵاتانی ئەورووپا پەنابەرانی باشووری کوردستان وەرناگرن

وڵاتانی ئەورووپا پەنابەرانی باشووری کوردستان وەرناگرن
بەرپرسی نووسینگەی فدراسیۆنی پەنابەرانی سەرتاسەری عێراق لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێستا کۆچ زۆر کەمی کردووە و، تەنانەت خەڵک لە وڵاتانی ئەورووپاوە دەگەڕێنەوە، بەتایبەت خەڵکی باشووری کوردستان بەھیچ جۆرێک لەوێ وەرناگیرێن و، ئەمە لە لای وڵاتانی ئەورووپا یەکلایی بۆتەوە.

بەرپرسی نووسینگەی فدراسیۆنی پەنابەرانی سەرتاسەری عێراق لە ھەرێمی کوردستان (ئامانج عەبدوڵا) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای ڕێککەوتنەکەی یەکێتیی ئەورووپا کەیسی پەنابەرێتی سەدا٧٠ کەمی کردووە و، ڕێژەی قوربانیانیش کەمی کردووە، دیارە ئەو ڕێککەوتنە وای لێ کردووە."

(ئامانج عەبدوڵا) گوتیشی، ئێستا کۆچ زۆر قورس بووە بە تایبەت لە ڕێگەی تورکیا و یۆنانەوە؛ لەبەر ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا زۆری بۆ ئەو وڵاتانە هێناوە و، داوای لێ کردوونە ڕێی قاچاخ بگرن.

بەرپرسی نووسینگەی فدراسیۆنی پەنابەرانی سەرتاسەری عێراق لە ھەرێمی کوردستان گوتیشی، ئێستا کۆچکردن بۆ وڵاتانی ئەورووپا بە ڕێژەیەکی ئێکجار زۆر کەمی کردووە؛ تا دێ کەمتریش دەبێت.

(عەبدوڵا) جەختیشی کردەوە، وا ئێستا خەڵکێکی زۆر لە ئەورووپاوە دەگەڕێنەوە؛ لەبەر ئەوەی ژیان لەوێ زۆر زەحمەتە، هەر ناچارن بگەڕێنەوە؛ تاراوگە ئەوە نەبوو چاوەڕوانیان دەکرد.







KDP
Top