ئێران.. 27 بەندکراوی سوننە مەترسی لەسێدارەدرانیان لهسهره
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران (هێرانا)، بەرپرسی بەندی چواری بەندیخانەی ڕەجایی شار سەر بە پارێزگای کەرەج، چووەتە ژووری 10 ی ئەو بەندیخانەیە و بە 27 بەندکراوی سوننە مەزهەبی گووتووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێ.
تۆمەتی ئەو بەندکراوانە، تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، پڕوپاگەندە بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەندامێتی لە گرووپە توندڕەوەکان و دژایەتی لەگەل خودا بووە و هەر بەو هۆیەشەوە، حوکمی سێدارەیان بۆ دەکراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران زۆربەی ئەو بەندکراوانەیان، لە نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2011 لە کوردستانی رۆژهەڵات دەستبەسەر کردووە.
ئەو بەندکراوانە بەر لە دادگاییکردنیان، بەبێ پارێزەر و بە ئەوەی هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێ بۆ ماوەی چەندین مانگ لە بەندی تاکەکەسی ڕاگیراون.
یەکێک لەو بەندکراوانە بەناوی "بارزان نەسروڵازادە"، بەر لە دەستگیرکردنی تەمەنی خوار 18 ساڵ بووە.
ئەحمەد شەهید پەیامنێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران لە چەندین بیاننامەدا باسی خراپی ڕەوشی کەمیینە نەتەوەییەکان لە ئێران کردووە و نیگەرانی خۆی ڕاگەیاندووە.
باسنيوز
