هێزه‌كانی سوریای‌ دیمۆكراتی‌ ئاماده‌یی خۆیان بۆ هاوكاریكردنی‌ دانیشتوانی‌ حه‌له‌ب ده‌ربڕی‌

هێزه‌كانی سوریای‌ دیمۆكراتی‌ ئاماده‌یی خۆیان بۆ هاوكاریكردنی‌ دانیشتوانی‌ حه‌له‌ب ده‌ربڕی‌
وته‌بێژی هێزه‌كانی سوریای‌ دیموكراتی (قه‌سه‌ده‌) رایگایه‌ند، هێزه‌كانیان بۆ رزگاركردنی خه‌ڵكی باكوری پارێزگای حه‌له‌ب له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش ئاماده‌یه‌.

دوای ئه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی‌ ناوچه‌ی باكوری پارێزگای حه‌له‌ب له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایان له‌ هێزه‌كانی سوریای‌ دیموكراتی (قه‌سه‌ده‌) كرد كه‌ هاوكاریان بكه‌ن و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش رزگاریان بكه‌ن، ته‌ڵال سلۆ وته‌بێژی هێزه‌كانی سوریای‌ دیموكراتی‌ (قه‌سه‌ده‌) رایگایه‌ند، هێزه‌كانمان بۆ رزگاركردنی خه‌ڵكی باكوری پارێزگای حه‌له‌ب له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش ئاماده‌ن و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاری دانیشتووانی‌ باكووری‌ ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌كه‌ین و به‌ تووندی هێرشه‌كانی‌ داعش بۆ سه‌ر دانیشتوانی‌ مه‌ده‌نی‌ ئیدانه‌ ده‌كه‌ین.

سه‌باره‌ت به‌كاتی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی ناوچه‌كانی سه‌ر به‌ پارێزگای حه‌له‌ب، وته‌بێژی‌ هێزه‌كانی سوریای‌ دیموكراتی‌ (قه‌سه‌ده‌) وتی: تا ئێستا كاتی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی ناوچه‌كانی حه‌له‌ب ئاشكرا نیه‌، به‌ڵام ئێمه‌ خاوه‌نی به‌لێنی خۆمانین و له‌ كاتی پێویستدا ئێمه‌ ده‌چینه‌ باكوری حه‌له‌ب و خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ژێر ده‌ستی تیروریستانی داعش رزگار ده‌كه‌ین و به‌ڵێنه‌كه‌مانیش جێبه‌جێ ده‌كه‌ین.

هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكراتی‌ (قه‌سه‌ده‌) رۆژی 11ی تشرینی یه‌كه‌می سالی 2015 له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ پارێزگای حه‌سه‌كه‌ راگه‌یه‌ندرا و زۆرینه‌ی‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ ئه‌و هێزه‌ش له‌ شه‌ڕڤانه‌كانی‌ یه‌په‌گه‌ و په‌ژه‌ پێكدێن.
Top