هەندێك لایەن دەیانەوێت هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا و ئێران پێكەوە ببەستن

هەندێك لایەن دەیانەوێت هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا و ئێران پێكەوە ببەستن
ئەندامێکی فراکسیۆنی حەج و زیارەتی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە، پێشوازی لە راگیرانی سەفەری حەج ناکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نین کە بەهەر نرخێک و بەهەر شێوازێک حەج ئەنجام بدرێت.

ئیبتکار

لایەنە سیاسییەکانی ئێران سەبارەت بەو دوو ملیار دۆلار داراییەی ئێران، کە بڕیارە ئەمریکا دەستی بەسەردا بگرێت، یەكدی تۆمەتبار دەكەن. ئیبتکار لەمبارەوە نووسیویەتی: نەیارانی کابینەی روحانی راستییەکان بەچەشنێک چەواشە دەکەن، کە لێکجیاکردنەوەی راست لە درۆ و هەق لە ناهەق بەلاڕێدا چووە. ئێستاش لەکاتێکدا خەتای دەستبەسەرداگرتنی داراییەکانی ئێران لە ئەمریکا دەخەنە ئەستۆی حکومەتی روحانی، کە ئەم رووداوە ئەنجامی هەڵە و کەمتەرخەمیی حکومەتی پێشوو بووە، ئەو حکومەتەی کە ئەم نەیارانە پشتیوانییان لێدەکرد.

ئیعتماد

رۆژنامەی ئیعتماد نووسیویەتی: راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری ئێران بناژۆخوازان و نەیارانی حەسەن روحانی بۆ گرەوی هەڵبژاردن و کێبڕکێ لەگەڵ روحانی بانگێشت کرد. گرەوێک کە نزیکەی کەمتر لە 12 مانگی دیکە بەڕێوە دەچێت. ئەکبەر تورکان کە بڕوای وایە بناژۆخوزەکان بە هەموو هەوڵ و خەرجییەکانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لە تاران پلەی پەنجایەمیان بەدەستهێنا داوای لە بناژۆخوازەکان و نەیارانی روحانی کردووە ئەمجارە لە گۆڕەپانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا خۆیان لە بەردەم دەنگی جەماوەردا تاقی بکەنەوە.

کەیهان

رۆژنامەی کەیهان نووسیویەتی: پاییزی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، چەند مانگ دواتریش هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران بەڕێوەدەچێت. هەندێ لایەن بەنیازن ئەو دوو هەڵبژاردنە و ئەنجامەکانیان بە یەکدەوە گرێبدەن. ئەگەر لە ئەمریکا کەسانێک بە هاتوهاوار دەیانەوێت ئێران وەک گوشارێک بەکار بێنن بۆ دەنگهێنان، لە ئێرانیش کەسانێک هەوڵدەدەن بە بانگەشەی پێویستبوونی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بۆ چارەسەری کێشەکان، چارەنووسی هەڵبژاردن دیاری بکەن. ئەمەش خوێندنەوەیەکە بۆ ئەو دیالۆگەی ئەمریکییەکانە کە دەڵێن هەرکەس لەگەڵ ئێمە نییە مافی درێژەدان بە ژیانی نییە.
Top