ئەمریكا: رووسیا چەك و تەقەمەنی زیاتری رەوانەی سووریا كردووە
بێن رۆدیس، جێگری بەرپرسی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایدەگەیاند: کە واشنتن زانیاری بەدەست گەیشتووە رووسیا دەستیکردووە بە جموجۆڵی سەربازی زیاتر لە سووریا، ئەمە لە کاتێکدایە ھەفتەی رابردووی ڤلاديمێر پۆتين سەرۆکی رووسیا، بە تەلەفۆن بە باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا راگەیاندووە، کە ئەوان دەستیانکردووە بە کشانەوەی ھێزەکانیان لە سووریا، ئەمە وەک ھەنگاوێک بۆ درێژەدان و پاراستنی ئەو ئاگربەستە یەک مانگییەی لە سووریا دروستبووە.
ھەروەھا بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە پۆتین بەڵێنیداوە رووسیا ھەوڵدەدات چارەسەری دیپۆلۆماسی بدۆزێتەوە بۆ قەیرانی سووریا.
لە 14 ئاداری ئەمساڵ ڤلاديمێر پۆتين، سەرۆكی رووسیا فەرمانی بە كشاندنەوەی ھێزەكانی لە سووریا دەركرد، وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە رایگەیاند لە سەر فەرمانی پۆتین دەستمانكردووە، بە كشاندنەوەی ھێزەكانمان لە سووریا.
بەڵام میدیاكان و ئەمریكا و ئۆپۆزسیۆنی سووریا باس لەوەدەكەن كە رووسیا ھێزەكانی نەشكاندووەتەوە، ئەو بڕیارەی تەنھا بۆ كەمكردنەوەی فشارەكانی ئەمریكا و رۆژئاوا بووە.
K24
