كاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی هەناردەكردنی نەوتی ئێران
هەناردەكردنی نەوت لە ماوەی سزاكان و پاش سزاكان
سەرەڕای ئەم پێشبینییە پێشوەختانە، ناوەندی توێژینەوە نێودەوڵەتییە ستراتیژییەكان، ناسراو بە "CSIS"، لە راپۆرتێكی نوێدا ئاشكرای دەكات كە پێناچێت ئێران لەم قۆناغەی ئێستادا سوودێكی ئابووریی ئەوتۆ لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ گرووپی 5+1 ببینێ، لە كاتێكدا نرخی نەوت لەچاو نێوەڕاستی ساڵی 2014 بە رێژەی 70% دابەزیوە و ئاستی بەرهەمهێنانیش ئاستی داواكاریی نەوتی تێپەڕاندووە.
CSIS پشت بەو راپۆرتانە دەبەستێ كە لە چەند مانگی رابردوودا ئاژانسی زانیارییەكانی وزەی ئەمریكا ناسراو بە EIA، سەبارەت بە كاریگەرییەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ڤیەننا لەسەر ئابووریی ئێران ئامادەی كردووە. لە یەكێك لەو راپۆرتانەشدا كە لە كانوونی دووەم ئامادەكراوە، شرۆڤەیەكی نوێ بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستای نەوتی ئێران و پێشبینییەكان بۆ بەرزبوونەوەی رادەی هەناردەكردنی نەوتی ئەم وڵاتە لە كورتماوەدا دەخاتەڕوو.
بە گوێرەی راپۆرتەكەی 19ی كانوونی دووەمی EIA ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئێران لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا، واتە لە 2012 هەتا 2015، گۆڕانێكی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە. تێكڕای بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە ماوەی ئەم 3 ساڵەی سەپاندنی سزا ئەتۆمییەكاندا 2.8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بووە، ئەمەش 9%ی تێكڕای بەرهەمهێنانی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت "ئۆپێك" پێكدەهێنێ. بەپێی راپۆرتێكی دیكەی هەمان ئاژانس مەزندە دەكرێت لە كاتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە هەتا كۆتایی ئەمساڵ تێكڕای بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بگاتە 3.1 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، بەمەش پشكی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لەناو ئۆپێكدا دەگاتە 10%. هەروەها چاوەڕێ دەكرێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە 2017 هەتا 3.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبێتەوە. راپۆرتەكەی EIA پێشبینی دەكات ئاستی بەكارهێنانی ناوخۆیی گۆڕانێكی ئەوتۆی بەسەردا نەیەت، بۆیەش چاوەڕێ دەكرێ زۆربەی ئەو نەوتەی بەهۆی زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنان (بڕوانە دایاگرامی ژمارە 1) لە رێگەی كێڵگە نەوتییە كۆنەكانی ئێرانەوە دەبێت، بەشێكی كەمیشی لە رێگەی كێڵگە نەوتییە نوێیەكانەوە دەبێت كە بە هاوكاریی كۆمپانیا نەوتییەكانی ئێران و چین كاریان لەسەر كراوە. كێڵگە نوێیەكان توانای ئەوەیان هەیە هەتا كۆتایی 2017 بەبڕی 100 بۆ 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەشداری لە بەرزبوونەوەی رادەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێراندا بكەن.
كاریگەریی رێككەوتنەكە لەسەر بازاڕی نەوت
ئاژانسی زانیارییەكانی وزەی ئەمریكا لە مانگی كانوونی دووەمدا راپۆرتێكی دیكەی بڵاوكردەوە كە تێیدا كاریگەرییەكانی سزا ئەتۆمییەكانی لەسەر پشكی ئێران لە بازاڕە جیهانییەكانی نەوتدا خستووەتەڕوو. بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەم راپۆرتە، ئێران پاش لاچوونی سزاكان نابێ تەنیا بیر لە زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز بكاتەوە، بەڵكو بەر لەمە دەبێت هەوڵ بدات كڕیاری نوێ بۆ نەوتەكەی بدۆزێتەوە، یانیش ئەوەتا ئەو بازاڕانەی بەهۆی سزا ئەتۆمییەكانەوە لە كیسی دابوون، جارێكی دیكە بەدەستیان بهێنێتەوە. (بڕوانە دایاگرامی ژمارە 2).
سزا ئەتۆمییەكانی سەر ئێران لە رۆژی 16ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ هەڵگیران، دوای ئەوەی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند كە ئێران هەموو پابەندییەكانی جێبەجێ كردووە، بەمەش ئێران دەتوانێت جارێكی دیكە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بەرز بكاتەوە كە پێشتر و بۆ ماوەی سێ ساڵ بەهۆی سزا ئەتۆمییەكانەوە دابەزیبوو. بەگوێرەی راپۆرتەكەی CSIS ، كاتی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی 14ی تەمووز زۆر لە بەرژەوەندیی تاراندا نەبوو، لەبەر ئەوەی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە نێو بازاڕێكدا روودەدا كە هەتا دێت داواكارییەكان لەسەر نەوت دادەبەزن، هەروەها دابینكاری نوێی نەوت لەناو بازاڕی نەوتدا چالاكن (ئەمریكا بۆ نموونە)، لە هەمووشیان زیاتر دابەزینی 60 بۆ 70%ی نرخی نەوت لە ماوەی یەكساڵ و نیوی رابردوودا كە بە گوێرەی راپۆرتەكە چاوەڕێ ناكرێت بەم زووانە نرخی نەوت بگەڕێتەوە ئەو ئاستەی بەر لە قەیرانی نرخی نەوت هەیبوو، واتە 110 دۆلار بۆ هەر بەرمیلە نەوتێك.
تێكڕای بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی ئۆپێك لەساڵی پاردا 31.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بووە، ئەمەش 0.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا زیاتر بووە لە تێكڕای بەرهەمی رۆژانەی ساڵی 2014. عێراق لە 2015 پێشەنگی زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێك بووە، لە كاتێكدا بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق 0.7 ملیۆن بەرمیلی بەخۆیەوە بینیبوو، پاشان سعودیە دێت كە لە پێناو پاراستنی پشكی خۆی لە بازاڕی جیهانیی نەوتدا ئاستی بەرهەمهێنانی 0.3 ملیۆن بەرمیل بەرزكردەوە.
CSIS پێشبینی دەكات رادەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی ئۆپێك 0.5 ملیۆن بەرمیل گەشە بكات و ئێران بە هۆی نەمانی سزا ئەتۆمییەكانەوە پشكی شێری بەربكەوێت. هەروەها لە ساڵی داهاتووشدا بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت 0.6 ملیۆن بەرمیلی دیكە بەرزبێتەوە. CSIS پێشبینیش دەكات بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە 2016 دا بەبڕی 0.3 ملیۆن بەرمیل و لەساڵی دواتریشدا 0.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبێتەوە.
رووداو -
