ئەسەد: لەندەن و پاریس سەرچاوەی پشتیوانیی تیرۆرن

 ئەسەد: لەندەن و پاریس سەرچاوەی پشتیوانیی تیرۆرن
"بەشار ئەسەد" سەركۆماری سووریە لە لێدوانێكدا هێرشەكانی بەریتانیا بۆ سەر سووریا مەحكووم دەكات و هاوكات بەریتانیا و فەرەنسا بە سەرەداوی پشتیوانیی تیرۆریزم وەسف دەكات.


بەشار ئەسەد لە نوێترین لێدوانیدا بۆ رۆژنامەی "ساندەی تایمز"ی بەریتانی ئاشكرای كردووە "هێرشی بەریتانیا لە سووریا بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی داعش نایاساییە و لەڕاستیدا ئامانجیا لەناوبردنی ئێمەیە نەك داعش."


بەشار ئەسەد ئاماژەی بەوەش داوە "بەریتانیا و فەرەنسا هەر لەسەرەتای ئاڵۆزییەكانی سووریاوە سەرەداوی پشتیوانیی تیرۆریستەكانی سووریا بوون، بۆیە هێرشە ئاسمانییەكانی ئەو دوو وڵاتە بۆ سەر داعش بە تەنیا هیچ بەرەنجامێكی نابێت و تەنیا قازانج بە داعش دەگەیەنێت."


گوتیشی: "بەریتانیا و فەرەنسا ئەمڕۆكە هیچ ئیرادەیەكیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم نییە و تەنانەت هیچ دەرك و تێگەیشتنێكی نوێیان بۆ شكست پێهێنانی تیرۆریان لەدەستدا نییە.



لە درێژەدا بەشار ئەسەد ئاماژەی بە هاوپەیمانێتیی لەدژی داعش بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا كردووە و بە وەهمی و خەیاڵیی ناو بردووە و رایگەیاندووە كە هیچ بەرهەم و دەسكەوتێكی نەبووە.



ئەم گوتانەی بەشار ئەسەد لە كاتێك دان كە دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر پاریس، فەرەنسا و بەریتانیا هێرشە ئاسمانییەكان لەدژی داعش لە سووریا چڕتر كردووەتەوە و بەدیان بنكە و بارگای داعشیان لەناو بردووە.









باسنيوز
Top