هێلاری کلینتۆن: نابێ سەربازی ئەمریکی بنێردرێتە عێراق و سوریا

 هێلاری کلینتۆن: نابێ سەربازی ئەمریکی بنێردرێتە عێراق و سوریا
ھیلاری کلینتۆنی پاڵێوراوی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە نابێت سەربازی ئەمریکی بچێتە عێراق و سوریا بۆ شەڕکردن لە دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).



ھیلاری کلینتۆن پاڵێوراوی پارتی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی CBS رایگەیاند، کە باشترین رێگە بۆ شەڕکردن لە دژی داعش، ”هێرشە ئاسمانییەکانە“، کە فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان ئەنجامی دەدەن و ئەمریکا سەرۆکایەتیی دەکات.



هیلاری کلینتۆن پێیوایە ھێرشە ئاسمانییەکان و ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و نەیارەکانی داعش، بوونەتە هۆی سەرکەوتنی هێزە زەمینییەکان.



ئەو پاڵێوراوەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هەروەها رایگەیاند، کە نابێت ھێزی سەربازی زەمینیی ئەمریکی بۆ عێراق و سوریا بنێردرێت و گوتویەتی، ”لەو بابەتەدا، هەمان بیروڕای سەرۆک ئۆبامام هەیە“، کە نابێ جارێکی دیکە سوپای ئەمریکا بـچێتەوە ناوچەکە.



مانگی رابردوو، باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ شەڕکردن دژی داعش و بۆ یارمەتیدانی ھێزە زەمینییەکان، ئەمریکا نزیکەی 50 ئۆپەراسیۆنی تایبەتی لە باکووری سوریا ئەنجامداوە.



هەروەها جۆن مەککین و لیندسی گراھامی دوو سیناتۆری ئەمەریکی، داوایان کردووە 20 هەزار سەربازی ئەمریکی بنێردرێتە عێراق و سوریا.






باسنیوز
Top