فەرەنسا داوای یارمەتی لە یەکێتی ئەوروپا دەکات
بە گوێرەی هەواڵی ئاسۆشیتێدپرێس، حکومەتی فەرەنسا رۆژی رابردوو داواکارییەکی یارمەتیدانی ئاراستەی یەکێتی ئەوروپا کردووە، تێیدا ئاماژەی بە ماددەیەک لە رێککەوتننامەی لیسبۆنی یەکێتی ئەوروپا کردووە کە تاکو ئێستا کاری پێنەکراوە. ئەو ماددەیە جەخت لە سەر ئەو بابەتە کردۆتەوە کە سەرجەم 28 ئەندامی یەکێتی ئەوروپا پێویستە پابەند بن لە سەر یارمەتیدانی ئەو وڵاتەی کە بووە "قوربانی دەستدرێژی چەکدارانە لە سەر خاکەکەی".
"جۆن ئیو لودریان" وەزیری بەرگریی فەرەنسا رایگەیاندووە، وەڵامی سەرجەم ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا ئەرێنی بووە. ئەو جەختیشی کردەوە: "ئەوان دەتوانن لە رێگای بەشداری لە ئۆپراسیۆنی سەربازی فەرەنسا لە سوریا و عێراق یاخود پشتیری دیکە یارمەتیدەری فەرەنسا بن".
هاوکات سەرۆک کۆماری روسیا بڕیاری داوە، موشەکەکانی کروزی ئەو وڵاتە کە هەنووکە لە دەریای ناوەڕاست جێگیر بوونە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکانی فەرەنسا هێرش بکەنە سەر داعش.
روسیا و فەرەنسا رایانگەیاندووە، هێرشەکانیان بۆ سەر داعش لە شاری رەقا لە باکووری سوریا چڕ کردۆتەوە.
شایەنی ئاماژە پێکردنەوەیە، گروپی تیرۆریستی داعش بەرپرسیاریەتی هێرشەکانی شەوی هەینی رابردووی شاری پاریسی لە ئەستۆ گرتووە. ئەو هێرشانە بوونە هۆی کوژرانی 129 کەس و بریندار بوونی 350 کەسی دیکە.
