جۆن كێری و زەریف كۆبوونەوە
بەپێی راپۆرتە ئاژانسە فەرمییەكانی ئێران ئەو دیدارە كەلە پەراوێزی دووەمین خولی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەكاندا ئەنجام دراوە، لەبارەی هاوئاهەنگی بۆ جێبەجێكردنی پرسی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و بەدواداچوون بۆ دوایین ئاڵوگۆڕەكانی ئەم پرسە وتووێژیان كردووە.
جەواد زەریف لەم بارەوە گوتوویە: "لەو دیدارەدا جیالەوەی باس و گفتوگۆی پسپۆڕانە لەبارەی چۆنیەتیی لابردنی گەمارۆكانی سەر ئێران كراوە، هروەها لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێكردنی بەڵێنییەكانمان لە بنكەی ئەتۆمیی ئەراك قسەیان كردووە.
ئاماژەی بەوەش داوە كە ئەمریكا لەبارەی پرسی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی ئەمریكا دەبێ كۆمەڵێك بەڵینی بەجێ بگەیەنێ و لەم دیدارەدا گوێمان لە روونكردنەوەكانیان گرت.
لەبارەی پرسی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك نزیكەی یەك مانگ لەمەوبەر عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە نامەیەكدا بۆ سەركۆماری ئێران 9 مەرجی خستەڕوو كە دەبێ بە وردی ئێران لەبەرچاوی بگرێت.
ئێران لە رێككەوتنی ئەتۆمیدا ئەوەی قەبووڵ كردووە كە چالاكییەكانی رێئاكتۆری ئاوی قورسی بنكەی ئەتۆمیی "ئەراك" رابگرێت و بەتەواوەتی كرۆكی ئەو رێئاكتۆرە دەربێنێت و شوێنەكەی بە چیمەنتۆ پڕ بكاتەوە، بە چەشنێك دواتر بەكار نەهێنرێتەوە.
بەپێی بەشێك لە رێككەوتنەكە ئێران دەبێ بەرلە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان بەتەواوەتی چالاكیی بنكەی ئەتۆمیی ئەراك رابگرێت.
پرسێك كە لەناوخۆی ئێران و بەتایبەت لەناو پەرلەمان و باڵی توندڕەوی ئێران دژبەرێكی زۆری هەیە و بە هێڵی سوور وەسفی دەكەن.
باسنيوز
