ئاکەپە لە بارەی سیستەمی سەرۆکایەتییەوە دهكهوێته جموجۆڵهوه
ئاکەپە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکیدا کە هەموو ئەندامانی سەرکردایەتیی ئەو پارتە ئامادەی بوون، ئەنجامی هەڵبژاردنی 1ی نۆڤەمبەریان هەڵسەنگاند. هەروەها بە تێروتەسەلی باسیان لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی کرد بۆ تورکیا، چونکە بەو دەنگەی کە هێناویانە ناتوانن دەستووری تورکیا بخەنە ڕیفراندۆمەوە. هەروەکو پێشتریش ئاماژەمان بۆ دابوو ئاکەپە بۆ ئەوەی بتوانێت دەستوور بخاتە ڕیفراندۆمەوە پێویستی بە 330 کورسی پەرلەمانی هەیە لە کاتێکدا ئەوان تەنیا 317 کورسییان بە دەست هێناوە.
بە گوێرەی ئەو ڕێپۆرتاژەی ڕۆژنامەی (میللیەت) بڵاوی کردوەتەوە، ئاکەپە بە نیازە بە جیا سەردانی هەرسێ پارتی ئۆپۆزسیۆن بکات بۆ ئەوەی بڕوایان پێ بهێنێت کە سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ تورکیا گرنگە و، ئەوان مەبەستیان بەرژەوەندی خەڵکە.
رۆژنامەکە باسی لەوە کردوە، کە ئاکەپە لە کۆبوونەوەکەیدا بڕیاریان داوە کە بەم نزیکانە باس لە جێبەجێکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی نەکەن، چونکە ئێستا هەر 3 پارتە ئۆپۆزسیۆنەکە بە توندی دژی سیستەمی سەرۆکایەتین بۆ تورکیا. هەروەها تاوەکو ئێستایش لە لای خەڵکی ڕوون نەبوەتەوە، ئاخۆ سیستەمی سەرۆکایەتی چییە و چۆن چۆنی پەیڕەو دەکرێت. بۆیە ئاکەپە دەیەوێت سەرەتا لەگەڵ پارتەکاندا کۆبوونەوە بکات و، پاشان بۆ خەڵکی ڕوون بکاتەوە کە سیستەمی سەرۆکایەتی چییە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوەیش کراوە، کە خەڵک و ئۆپۆزسیۆن وا تێگەیشتوون کە سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ تورکیا، واتە ئەردۆگان و، لە بەرژەوەندی تاکە کەسێک ئەو سیستەمە پەیڕەو دەکرێت، لە کاتێکدا ئەوان مەبەستیانە ئەو سیستەمە لە بەرژوەندی خەڵک بەکاربهێنن، نەک تاکە کەسێک.
ئاکەپەی پێی وابووە کە ڕاستە ئێستا دەنگێک لەناو هەدەپەدا پەیدا بووە بەوەی داوای سیستەمی سەرۆکایەتی دەکەن، بەڵام ئەوە بۆ ئاکەپە بەس نابێت، چونکە گرینگە هەدەپە بە هەموو بڕوایەوە پشتگیری لەو سیستەمە بکات، تا ئەگەر خرایە دەنگدانەوە ئەوکات بنکەی جەماوەری هەدەپەیش دەنگی بۆ بدهن.
