سەرۆکوەزیرانی کەنەدا: 25 هەزار پەنابەر وەردەگرین
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا جەستن ترودۆ رایگەیاند:" بەر لە هەڵبژاردن بەڵێنماندابوو کە بەپێی توانای ئابووری و مرۆیی، فریای رەوشی خراپی کۆچبەران بکەوین، بەڵێنماندابوو ٢٥ هەزار پەنابەر سووری وەربگرین و ئێستایش حوکمەتی نوێی کەنەدا کار بۆ وەرگرتنی ئەو ژمارەیەی پەنابەران دەکات و کەنەداش تەنها پەنابەری سووری وەردەگرێت".
سەرۆکوەزیرانی نویێ کەنەدا هەروەها گوتی" ئامانجمان وەرگرتنی 25 هەزار پەنابەری سورییە پێش کۆتایی ئەمساڵ و لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە و لە ماوەیەكی كورتدا ژمارەیەك لە وەزارەتەكان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی رێکارە یاساییەکان و دابینکردنی شوێن بۆ نیشتەجێکردنی پەنابەرە سوورییەکان".
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی نوێی کەنەدا ئاماژەی بەوەشکردووە" كەنەدییەكان دەیانەوێت هەڵسوكەوتەكانیان هەڵسوكەوتی ژیرانە و بەرپرسانە بێت و ئەوانیش سەرپشكییان كردووین تا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆمان لەئەستۆبگرین و، لەگەڵ پەنابەراندا مامەڵەیەکی مرۆڤدۆستانە پیشانبدەین، هەوڵدەدەین بە باشترین شێوە خزمەتیان بکەین و لەگەڵ کۆمەڵگەی کەنەدیی بیانگونجێنین".
رووداو
