روسیا موشەکی دژە فرۆکە دەنێرێتە سوریا و ئەمەریکاش هۆشداری دەدات
بە گوێرەی هەواڵی یۆرۆ نیوز، روسیا رایگەیاندووە سیستەمی موشەکی خۆی بە مەبەستی پاراستنی هێزەکانی ناردووتە سوریا، لە بەرامبەریشدا رەخنەگرانی سیاسەتی کرێملین لە سەر ئەو بروایەن ئەو بابەتە کردارێکی تازەی روسیایە بە مەبەستی پشتگیری کردنی حکومەتی بەشار ئەسەد. بە وتەی رەخنەگران، هێرشەکانی ئاسمانی روسیا لەو ماوەیەدا داعشی نەکردۆتە ئامانج بەڵکوو شارەکانی رۆژئاوایی سوریا و شوێنی جێگیر بوونی سوپای ئازادی سوریای کردۆتە ئامانج.
ئەمەریکا لە دژکردەوەیەکیدا بەرامبەر بە وتەکانی بەرپرسانی روسی لە سەر جێگیر کردنی سیستەمی موشەکی دژە فرۆکە جەختی کردۆتەوە، ئەو کردارەی روسیا دەبێتە هۆی زۆربوونی گرژییەکان لە ناوچە.
هەر چەندە روسیا جەخت لە سەر بوردۆمان کردنی پنکەکانی داعش و بەرەی نوسرە دەکاتەوە، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی واشنتۆن هەر یەک لە شارەکانی حەما، حومس، حەلەب و ئەدلەب لە رۆژئاوای سوریا ئەو ناوچانەنە کە کەوتوونەتە بەر بوردۆمانەکانی فرۆکە جەنگییەکانی روسیا.
