پرۆژەی مێرکڵ بۆ کۆنترۆڵی رێژەی کۆچبەران لە ئەڵمانیا

پرۆژەی مێرکڵ بۆ کۆنترۆڵی رێژەی کۆچبەران لە ئەڵمانیا
ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا بۆ کۆنترۆڵ کردنی کێشەی کۆچبەران جارێکی دیکە داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کرد بە شێوەیەکی یەکسان کۆچبەران بە سەر ئەو وڵاتانەدا دابەش بکرێن.

راوێژکاری ئەڵمانیا لەبارەی رێگاچارەکانی کێشەی کۆچبەران لە پێوانەی بچووکتردا هۆشداریدا.

مێرکڵ رۆژی سێ‌شەممە ٣ی نۆڤەمبەر ٢٠١٥ لە مەراسیمێکدا بە بۆنەی رۆژی پیشەسازی لە ئەڵمانیا لە بەرامبەر ١٢٠٠ بەڕێوەبەری پیشەسازی ئەڵمانیا، لە بەرلین رایگەیاند؛ ئەگەر ئێمە تەنها بە پێی هەلومەرجی خۆمان بۆ رێگاچارەیەک بگەڕێین، بێگومان جارێکی دیکە مەترسییەکی گەورە هەڕەشە لە ئەورووپا دەکاتەوە.

لەبارەی پرۆژەی تۆمارکردنی نێوی کۆچبەران لە سنووری نەمسا و ئەڵمانیا، بۆ کەم کردنەوەی رێژەی کۆچبەران لە ئەڵمانیا جەختی کردەوە کە بە تەنها ناتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین.

راویژکاری ئەڵمانیا گووتی: "بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە هاوکارییەکی گشتی وڵاتانی ئەورووپا و دراوسێکان بەتایبەتی تورکیا پێویستە. دەبێ پێداگری لە سەر ئەوە بکەین کە رێژەی کۆچبەران بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت، ئەگەرنا ئەو پرۆژەیە کاریگەری خۆی نابێت.

مێرکڵ ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەڵمانیا چەندین ساڵە سوود لە هەڵگرتنەوەی سنووری ناوخۆی نێوان وڵاتانی ئەورووپا گواستنەوەی پارێزگاری لە سنووری نیشتمانی بۆ سنوورەکانی دەرەوەی ئەو یەکیەتییە وەردەگرێت، بەڵام ئێستا کە رووبەڕووی ئەو کێشەیە بووینەوە چۆن دەتوانین ئەوبارودۆخە راگرین.

مێرکڵ جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە هەرچی زووتر دەبێت یەکیەتی ئەورووپا لەگەڵ تورکیا بگاتە رێککەوتن.
Top