قوربانییانی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ دەگەنە ١٨ کەس

قوربانییانی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ دەگەنە ١٨ کەس

 

 

لە دوایین شەپۆلی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر پایتەختی ئۆکرانیا، ١٨ کەس کوژران و زیاتر لە ٩٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

هێرشەکان لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی پێنجشەممە 2ی تەمموزدا ڕوویانداوە و قوربانییەکان بریتین لە منداڵان، فریاگوزاری و شۆفێری ئەمبولانس.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕووسیا نزیکەی 70 مووشەکی – نیوەیان بالیستی- و 500 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری، لەنێویاندا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێری، بەرەو کیێڤ هەڵداوە.

بە وتەی ناوبراو لە هێرشەکاندا بینای نیشتەجێبوون و وێستگەیەکی ئەمبولانس و ناوەندێکی توێژینەوە و هۆتێل و ژمارەیەک شوێنی بازرگانی کراونەتە ئامانج.

زێلێنسکی ئاماژەی بەوەشکرد، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕێگری بکات، بەڵام هەموویان ڕانەگیراون.

لەبەرامبەردا وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، شوێنی سەربازی و دامەزراوە وزە و فڕۆکەخانەی کیێڤ کراونەتە ئامانج.

وەزارەتەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە وەڵامی هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی ڕووسیا ئەنجامدراوە.

ئەمە دووەم هێرشی گەورەی ڕووسیایە بۆ سەر پایتەختی ئۆکرانیا لەمساڵدا و سەرۆکی شارەوانی کیێڤ ڕۆژی هەینیی بە ڕۆژی ماتەمینی نیشتمانی لەو شارەدا ناساند.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top