10 ساڵە زیاتر لە 700 رۆژنامەنووس کوژراون
بان کی مۆن سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد لەو تاوانانە خۆش نەبن کە دژی رۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێن. مۆن بە بۆنەی “رۆژی رێگریکردن لە تاوان دژی رۆژنامەنووسان” پەیامێکی بڵاوکردەوە و سەرەخۆشی ئاراستەی قوربانیانی کاری رۆژنامەنووسی کرد.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش دا پێویستە دەرفەتی ئەمنی بۆ کارکردنی رۆژنامەنووسان بێتە ئاراوە و گوتی “لە 10 ساڵی کۆتایی زیاتر لە 700 رۆژنامەنووس کوژراون کە ھەوڵیان داوە زانیاری و ھەواڵ بە خەڵک بگەیەنن.
زۆربەیان بەبوێری کاتێک ھەواڵیان رووماڵ دەکرد کوژراون. زۆرێک لەو رۆژنامەنووسانەی دەیانەوێت راستییەکان رابگەیەنن رێگرییان لێ کراوە”.
ھاوکات روونیشی کردەوە کە تەنھا 7٪ی ئەو تاوانانەی بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجام دراوە کارەکانی یاسایی تەواو بووە و راشیگەیاند سزانەدانی تاوانباران لەوبارەیەوە رۆژنامەنووسان دووچاری ترس کردووەتەوە. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێویستی زانی رۆژنامەنووسان رووبەڕووی سانسۆر نەبنەوە و داوای پارێزگاریکردنی رۆژنامەنووسانیشی دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە بەرپرسی گشتیی یونیسکۆ، ئیریتا بۆکۆڤا لەوبارەیەوە روونکردنەوەیەکی دا و تیشکی خستە سەر زیادبوونی ھێرش بۆ سەر رۆژنامەنووسان و بانگەوازی بۆ گشت وڵات کرد بۆ ئەوەی پشتگیری لە قۆناخی یاسایی رۆژنامەنووسان بکەن و گەرەنتی پەیڕەوکردنی یاساکان بدەن.
باسنیوز
