فەرماندەیەكی دیكەی سوپای پاسداران لە سووریا كوژرا
ماڵپەڕە فەرمییەكانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە حوسێن جەمالی تەمەن 29 ساڵان و خەڵكی گوندی “باسریە”ی سەر بە شاری “فەسار” و فەرماندە و ئەندامی سوپای پاسداران بووە و وەك پارێزەرەی گڵكۆی زەینەب نێردراوەتە سووریا.
بەپێی دوایین ئامارەكان لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا ژومارەی كوژراوانی سوپای پاسداران لە سووریا گەیشتووەتە 30 كەس كە نزیكەی 10 كەسیان فەرماندە بوون و ناسراوترینیان سوپاسالار “حوسێن هەمەدانی” بوو.
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا كە هێرشە ئاسمانییەكانی رووسیا لە بۆ سەر دژبەرانی حكوومەتی بەشار ئەسەد و داعش لە سوریا دەستیان پێكردووە، ئێران، سووریا، رووسیا و عێراق بنكەیەكی هاوبەشی زانیارییان لە بەغدا پێكهێناوە و لەم پێناوەشدا ئێران ژومارەی هێزە سەربازییەكانی خۆی لە سووریا زیاد كردووە و بەپێی زانیاریی ناوەندە سەربازییەكانی ئەمەریكا ئێران نزیكەی دوو هەزار سەربازی لە سووریا هەیە كە پاڵپشتی حكوومەتی بەشار ئەسەد دەكەن.
ئەمە لە كاتێك دایە كە ئێران حاشا لە بوونی هێزی سەربازیی خۆی لە سووریا دەكات و وەك پارێزەری ناوەندە ئایینییەكانی شیعە و پیشەی راوێژكاری دەیانناسێت.
باسنیوز
