ڕووسیا: پێویستە سووریا خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە بکات
سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند ئامادەن هاوکاری سوپای ئازادی سووریا بکەن ئەگەر پێگەکانیان بزانن و وتیشی هیواخوازە سووریا بەرەو ڕێککەوتنێکی سیاسیی ىڕوات.
هەروەها وتیشی، پێویستە سووریا خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئامادە بکات بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی لەو وڵاتەدا.
پێشتریش لاڤرۆڤ بە میدیاکانی ڕووسیای ڕاگەیاند "هێزە دەرەکییەکان هیچ دەسەلاتێکیان نییە لە دەرکردنی بڕیارەکانی سووریادا و پێویستە فشار بخەینە سەر سووریا بۆ داڕشتنی پلانێک کە سوود بە هەموو لایەنەکانی هەرێمەکە بگەیەنێت هەروەها گروپە نەژادی و و سیاسییەکان پارێزگاریان لێبکرێت".
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕاشیگەیاند ڕۆژی شەممە، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکادا ئەنجام داوە بۆ ڕێکخستنی گفتوگۆیەک لەنێوان حکومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆندا.
بە پێی زانیاریەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز هەردوو وەزیری دەرەوەی سووریا و ئەمەریکا ڕێککەوتون لەسەر پێشخستنی پڕۆسەی سیاسیی لە سووریادا.
نزیکەی سێ هەفتە لەمەوپێش، ڕووسیا دەستیکرد بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی لە سووریا بە مەبەستی پشتگیریکردنی بەشار ئەسەد و لێدانی گروپە توندڕەوەکان لەو وڵاتەدا، هەروەها تا ئێستا زیاتر لە ٩٠٠ هێرشی ئاسمانیی ئەنجام داوە.
سەرچاوەكان
