هاوپەیمانان ٢٤ هێرشی ئاسمانییان کردە سەر داعش

هاوپەیمانان ٢٤ هێرشی ئاسمانییان کردە سەر داعش
فڕۆکەکانی هاوپەیمانان چەکدارانی داعشیان لە عێراق و سووریا بۆردومان کرد و ٢٤ هێرشی ئاسمانییان بۆسەر پێگە جیاوازەکانیان لەو دوو وڵاتەدا ئەنجام دا.

هێزی هاوپەیمانان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا، ١٧ هێرشی ئاسمانیی کراوەتە سەر داعش لە عێراق و لە سووریاش حەوت هێرش ئەنجام دراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکانی عێراق لەنزیک حەویجە، بێجی، فەلوجە، حەبانیە، کەرکوک، کەسک، ڕومادی، سوڵتان عەبدوڵا، شەنگال و تەلەعفەر ئەنجام دراون، هاوکات هێرشەکانی سەر سووریاش لەنزیک حەسەکە، هول، مەنجیب، ڕەقە، دێر زور، واشیا و پالمیرا ئەنجام دراون.

هەر بەپێی بەیاننامەکە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە چەندین یەکە و شوێنی شەڕکردنی چەکدارانی داعش کراونەتە ئامانج، لەگەڵ تێکشکاندنی چەند ئۆتۆمبێلێکدا.

هێزی هاوپەیمانان لە مانگی ئابی ٢٠١٤ەوە هێرشی ئاسمانییان بۆسەر چەکدارانى داعش لە عێراقدا دەستپێکرد و لە مانگی ئەیلولیشدا هێرشەکانیان بۆسەر چەکدارانى داعش لە سووریادا دەستپێکرد.






سەرچاوەكان
Top