تورکیا 132 ئەکاونتی فەیسبووک و تویتەری قەدەغە کرد

تورکیا 132 ئەکاونتی فەیسبووک و تویتەری قەدەغە کرد
لەسەر داوای هەدەپە، دادگەی باڵای ئانکارا بڕیاری دا ئەو 132 ئەکاونتە دابخات کە سووکایەتییان بە هەدەپە دەکرد و، ئاشتی و پێکەوەژیانی خەڵکی تورکیایان تێک دەدا.
هەدەپە لە ڕێگەی پارێزەری تایبەتی خۆیەوە شکاتی لە 132 ئەکاونتی تویتەر و فەیسبووک کرد و داوای کرد کە ئەو ئەکاونتانە دابخرێن، چونکە هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر هەدەپە و زۆربەیشیان بە ناوی خوازراوەوەن؛ دادگایش بڕیاری دا ئەو ئەکاونتانە دابخات.
(نورای ئۆزدۆگان) پارێزەری تایبەتی هەدەپە، لەسەر داخرانی ئەو ئەکاونتانە وای بە ڕۆژنامەی (حوریەت)ـی تورکیا گوت: "لەوەتی شەڕی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا هەڵگیرساوەتەوە، ئەو ئەکاونتانە هێرشی ناڕەوایان دەکردە سەر هەدەپە و وەکو تیرۆریست ناویان دەهێنا؛ جگە لەوەیش سووکایەتییان بە سەرکردەکانی دەکرد؛ ئەوە بوو لەسەر داوای هەدەپە بە فەرمی داوای یاساییمان تۆمار کرد و دادوەریش هەقی دا بە هەقدار."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا ئاماژەی دا کە ئەو ئەکاونتانە هۆکار بوونە بۆ ئەوەی خەڵک هان بدەن تا هێرش بکەنە سەر بارەگاکانی هەدەپە و تاڵان و کوشتوبڕ بکەن، چونکە لەو رێگەیەوە بە خەڵکیان گوتووە ئەگەر دەتانەوێت تۆڵەی شەهیدەکان بکەنەوە، هێرش بکەنە سەر بارەگاکانی هەدەپە و چەندین هێرشیش کراوەتە سەر هەدەپە و زیانی گیانی و مادیشی هەبووە.
دادگای ئانكارا ئاماژەی داوە کە ئەو جۆرە ئەکاونتانە دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی شیرازەی کۆمەڵی تورکیا تێک بچێت و ناکۆکی لە نێوان نەتەوەکاندا بەرپا بکات.
Top