روسیا: 600 تیرۆریستی داعش بەرەو ئەوروپا هەڵاتوون

روسیا: 600 تیرۆریستی داعش بەرەو ئەوروپا هەڵاتوون
دوا بە دوای رەخنەکان بەرامبەر بە هێرشەکانی ئاسمانی روسیا لە سوریا، سوپای ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، بە بەردەوام بوونی بوردۆمانەکانی بنکەکانی داعش لە سوریا، 600 تیرۆریستی ئەو گروپە بەرەو ئەوروپا هەڵاتوون.

بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی "دویچەڤێلە"، بە گوتەی بەرپرسانی روسی، هێرشەکانی ئاسمانی روسیا بۆ سەر روسیا بووە هۆی ترس و سەرلێشێواوی تیرۆریستانی داعش. "ئاندرێی کارتاپۆلۆف" لە فەرماندەکانی باڵای سوپای روسیا رۆژی رابردوو ئاماژەی داوە کە نزیکەی 600 تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی ناچار بوونە مۆلکەکانی خۆیان جێ بهێلن و هەوڵ دەدەن بەرەو ئەوروپا هەڵبێن.

بە گوتەی ئەو فەرماندە سەربازییەی روسیا، "هێزی سەربازی"ی تیرۆریستەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بە شێوەیەکی ئاشکرا رووی لە کەمبوونەوە کردووە. ئەو فەرماندەیە جەختی لە سەر 60 هێرشی ئاسمانی روسیا لە رۆژانی رابردوو بۆ سەر 50 پێگەی تیرۆریستان داوە.

"کارتاپۆلۆف" جەختیشی کردۆتەوە، سوپای روسیا پەرە بە هێرشەکانی ئاسمانی خۆی لە سوریا دەدات. ئەو راشیگەیاند، فرۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە ئەو پێگانەی تیرۆریستان کە گرنگی ستراتیجیکیان هەیە، بە شێوەیەکی سەختر بوردۆمان دەکەن.

هێرشی روسیا بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لە سوریا دوای ئەوە دێت کە رەخنەیەکی زۆر لە لایەن وڵاتانی رۆژئاوایی بەرامبەر بەو وڵاتە هاتووتە ئاراوە کە گوایە زیاتر هێرش دەکاتە سەر گروپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نەیاری حکومەتی سوریا.
Top