بەحرەین سکاڵایەک دژ بە ئێران ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

بەحرەین سکاڵایەک دژ بە ئێران ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
وەزیری دەرەوەی بەحرەین رۆژی رابردوو، سکاڵانامەیەکی فەرمیی وڵاتەکەی دژ بە ئێرانی ئاراستەی "بان کی مۆن" سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

بە گوێرەی هەواڵی "ئەلعەرەبیە"، "خالید بن احمد ئال خەلیفە" وەزیری دەرەوەی پادشایی بەحرەین لە کۆبوونەوەی لەگەڵ "بان کی مۆن" لە چوارچێوەی دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سکاڵانامەی بەحرەین دژ بە دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەی پێشکەش کرد.

لەو سکاڵانامەیەدا ئاماژە کراوە، "ئێران بەردەوامە لە سەر پێشێل کردنی ئاشکرا و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی بەحرەین، لە کاتێکدا مەنامە لە سەر بنەماکانی پابەندبوون بە دراوسێ بوون و رێزگرتنی دوو لایەنە هەڵسوکەوت دەکات".

ئەو راگەیەندراوە جەختی کردۆتەوە، بەحرەین بۆ بەهێز کردنی ئاسایشی خۆی، هیچ چارەیەکی دیکە جگە لە گەڕاندنەوەی باڵیۆزی خۆی لە تاران و دەرکردنی باڵیۆزی ئێران لە مەنامەی نەبووە.
Top