ئیسرائیل داوای پشتیوانیی سەربازی لە ئەمەریکا بە دژی ئێران دەکات
“ئیهود باراک” وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل لە زانکۆی هاروارد ڕایگەیاندووە، تەنیا ڕێگە بۆ ئەوەی پێش بە بەرنامەی ناوکیی ئێران بگیردرێت رێکاری سەربازییە و پێویستە ئەمەریکا لەو بوارەدا تەیارمان بکات.
باراک باسی لەوەش کردووە، ئەمەریکا لە دێر زەمانەوە پشتیوانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بووە و دەبێ هاوسەنگی سەربازیی لە بەرامبەر ئێراندا رابگیردرێت.
وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل لە قسەکانیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمەریکا و ئیسرائیل دەبێ لەسەر کێشەی ئێران کۆبوونەوەی نهێنی و بەردەوامیان هەبێت.
ئیهود باراک گوتوویەتی: حکوومەتی ئیسلامی ئێران دەیهەوێ لە رێگەی جۆراوجۆرەوە دەستی بە چەکی ئەتۆم رابگات و لە هەوڵی فریوکاری دایە.
ئەو لێپرسراوە ئیسرائیلییە پێشنیاری ئەوەی کردووە کە هەر چی خێراتر دەبێ ئەمەریکا کۆنفرانسێکی تایبەت بە بەشداریی ئیسرائیل، سعوودیا، تورکیا و ئۆردۆن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا ساز بکات.
باسنیوز
