جۆن کیری: فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا تەنیا بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە سوریان

جۆن کیری:  فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا تەنیا بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە سوریان
جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا تەنیا بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە سوریان، واتە لە رووبەڕووبوونەوەی ئۆپۆزسیۆن و گروپە چەکدارەکانی دیکەی ناو وڵاتەکەدا هاوکاریی ئەسەد ناکەن.

ئەم لێدوانەی کیری لەکاتێکدایە کە سوپای‌ روسیا سه‌رقاڵی‌ دامه‌زراندن و په‌ره‌پێدانی‌ دوو دامه‌زراوه‌ی‌ سه‌ربازییه‌ له‌ نزیك شاری‌ لازقیه‌ی‌ سوریا.

ناوبراو وتیشی: "لێکۆڵینەوەکانی سوپای ئەمریکا بۆ جۆری ئەو فڕۆکە روسیانەی لە سوریا جێگیرکراون دەریانخستووە کە مەبەستی سەرەکی لەپشت رەوانەکردنی فڕۆکەکانەوە پاراستنی سەربازە روسییەکانە".

بەردەوامیی هاوکارییە سەربازییەکانی روسیا بۆ رژێمەکەی ئەسەد، ئەمریکای زیاتر نیگەرانکردووە و پێشتر کیری رایگەیاند کە بەهێزکردنی ئەسەد لەلایەن روسیاوە، هانی چەکدارانی بیانی دەدات بچنە سوریا و دژی رژێمەکە شەڕبکەن، چونکە زۆرن ئەوانەی نایانەوێت ئەسەد سەرکەوێت.














خەندان
Top