چوار وڵاتی ئەوروپی پێشنیازێك لەبارەی پەنابەران رەتدەكەنەوە

چوار وڵاتی ئەوروپی پێشنیازێك لەبارەی پەنابەران رەتدەكەنەوە
چوار وڵاتی رۆژهەڵاتی ئەوروپا کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپان، رەتیانکردەوە بەگوێرەی پێشنیازەکانی یەکێتی ئەوروپا پەنابەرانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا وەربگرن.
لە کۆبوونەوەی لووتکەی چوار وڵاتی رۆژهەڵاتی ئەوروپا لە یەکێتی ئەوروپا کە بە V4 ناسراوە و هەریەکە لە وڵاتانی (چیک، پۆڵەندا، سلۆڤکایا و هەنگاریا) دەگرێتەوە، بە هاوبەشی بڕیاردرا پێشنیازێکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رەتبکرێتەوە کە داوای کردبوو 120 هەزار پەنابەر بەسەر وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا دابەشبکرێن.
سەرکردەکانی ئەو وڵاتانە لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینی 4 ی ئەیلوولدا ئاماژەیان بەوە کردووە كە هەر وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا دەبێت خۆبەخشانە داوای پەنابەر بکات و پەنابەر وەربگرێت، نەک بەو جۆرە لەسەریان پێویست بکرێت.
هەروەها ڤیکتۆر ئۆربا، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریاش لەبارەی كۆچبەران رایگەیاند كە كۆچكردنی بەلێشاوی خەڵكی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا كێشە دروستدەكات و کولتووری مەسیحیەت تێکدەدات.
موسوڵمانە کۆچبەرەکان هەڕەشەن لەسەر ناسنامەی مەسیحیەت، ئەمە قسەی ڤیکتۆر ئۆربا سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا بوو، کە لە یەکەمین لێدوانیدا لەبارەی کۆچبەرانەوە بۆ رۆژنامەیەکی ئەڵمانی قسەی کردبوو.
Top