سەرۆک وەزیرانی فنلەندا ئامادەیە خانووەکەی لەگەل پەنابەران بەش بکات
بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی "ئیندیپێندێنت"، سەرۆک وەزیرانی فنلەندا گوتویەتی، خانووەکەی لە "کێمپێل" لە باکووری فنلەندا ئێستا بە کار ناهێنرێت و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو ببێتە خانووی پەناربەران.
ئاژانسی "رۆیتەرز"یش گواستوویەتەوە، سەرۆک وەزیرانی فنلەندا لە وتوێژێکدا لەگەڵ تەلەفزیونی ئەو وڵاتە گوتویەتی: "ئێمە هەموومان دەبێت چاو لە ئاوێنە بکەین و ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆمان بکەین کە چۆن دەتوانین یارمەتیدەر بین".
سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە گوتیشی، پڵانی یەکێتی ئەوروپا بۆ پەنادان بە 120 هەزار پەنابەر کە گەیشتوونەتە یۆنان و ئیتالیا و هەنگاریا پێویستە بە شێوەیەک بێت کە هەموو وڵاتان تیایدا بەشدار بن. ئەو راشیگەیاند، هیوادارە فنلەندا بتوانێت دوو ئەوەندەی کە لە توانای دایە پەنابەر وەربگرێت کە دەگاتە ئاستی 30 هەزار کەس.
هەفتەی داهاتوو بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەوروپا پڵانی نوێی ئەو کۆمیسیۆنە بۆ دابەش کردنی پەنابەران بە سەر وڵاتانی ئەوروپی ئاشکرا دەکات.
رۆژی رابردووش سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا "دەیڤید کامێرۆن" ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ وەرگرتنی پەنابەر و هەروەها هەوڵدان بۆ چارسەری ئەو قەیرانەی لە راگەیەندراوێکدا دەربڕی.
