هەرێمی کیبێک: پێشوازیی لە هەزاران پەنابەری سووریی دەکەین

هەرێمی کیبێک: پێشوازیی لە هەزاران پەنابەری سووریی دەکەین
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کێبێک(Québec) لە کەنەدا رایگەیاند کێبێک ئامادەیە پێشوازیی لە پەنابەرانی سووریا بکات و "داوا لە حیزبە سیاسییەکانی کەنەدا دەکەم بە روونی هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەم پرسە بنوێنن".
فیلیپ کۆیار، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کێبێک لە کەنەدا رایگەیاند: "کیبێک ئامادەیە پێشوازیی لە پەنابەرانی سووریا بکات و داوا لە حیزبە سیاسییەکانی کەنەدا دەکەم بە روونی هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەم پرسە بنوێنن، چونکە کارەساتە ئێمە پێویستمان بە وێنەی منداڵێکی مردوو هەبێ بۆئەوەی زەمیرمان لەخەو هەستێ".
ئەمە لە کاتێکدایە وێنەی تەرمی ئالان عەبدوڵڵا کوردی کە منداڵی خێزانێکی کوردی خەڵکی کۆبانێ، کە لەگەڵ برایەکی و دایکی لە کاتی پەڕینەوە لە تورکیاوە بۆ یۆنان لە دەریای ئیجە خنکان بە هەموو جیهاندا بڵاوبوویەوە و کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیەوە هێنا. ئەوان لەڕێگادابوون بۆ ئەوەی بچنە کەنەدا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کێبێک دەشڵێ "بۆ ئەو منداڵە کات بەسەرچوو، بەڵام هێشتا کاتمان لە پێش ماوە بۆ ئەوانی دیکە، بۆئەوەی دەستی یارمەتیان بۆ درێژکەین، وەک چۆن کیبێک چەندجار ئەو کارەی ئەنجامداوە دەبێ ئەمجارەش هەروا بکات".
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کێبێک لە کەنەدا هاوکات پێشوازیکردنی هەرێمەکەی لە هەزاران ڤێتنامیی لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردووی خستەوەڕوو، و ئاشکرای کرد کە کیبێک لە سەرەتای ئەمساڵەوە 643 پەنابەری سووریی وەرگرتووە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2015 پێشوازییان لێبکرێت.
Top