پترایۆس: ناکرێت هاوپەیمانان بەرەی نوسرە وەک هێزێک لە دژی داعش بەکاربهێنێت

پترایۆس: ناکرێت هاوپەیمانان بەرەی نوسرە وەک هێزێک لە دژی داعش بەکاربهێنێت
جەنەڕاڵ ده‌یڤد پترایۆس، بەڕێوبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئه‌مریكا "سی ئای ئەی" رایگەیاند کە پێویستە واشنتۆن کار بۆ بەشداریپێکردنی بەشێک لە چەکدارانی "بەرەی نوسرە"ی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی قائیدە لە دژی داعش و بەرەی نوسرە و سوپای رژێمەکەی بەشار ئەسەد بکات.

ناوبراو لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێن، دوێنێ سێشەمە رایگەیاند پێویستە واشنتۆن سود لە توانای هەندێک لەو چەکدارانەی "بەرەی نوسرە"ی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە ببینێت کە لەئێستادا مەیلی جیابوونەوەیان لەو رێکخراوە هەیە و نایانەوێت بەردەوامبن.

پترایۆس لەدرێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت: "بە هیچ شێوەیەک ناکرێت هاوپەیمانان بەرەی نوسرە وەک هێزێک لە دژی داعش بەکاربهێنێت، بەڵام دەکرێت سود لە توانای چەکدارە جیابووەکانی ئەو بەرەیە لە جەنگی دژ بە داعش، بەرەی نوسرە و سوپاکەی بەشار ئەسەد ببینێت".

بەڕێوبەرەکەی پێشووی "سی ئای ئەی" وردتر پێناسەی ئەو چەکدارانە دەکات و دەڵێت: "بەشێکی زۆر لە چەکدارەکانی ئێستای بەرەی نوسرە، خاوەنی ئایدۆلۆژیایەکی توندڕەوی نین و پاڵنەری سەرەکییان لە چوونە ناو ئەو هێزەوە، قۆستنەوەی هەل و دەستکەوتەکانی بەرەی نوسرە بووە، هەربۆیە ئێستا دەیانەوێت جیاببنەوە و لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سوریا لە دژی داعش و بەرەی نوسرە و رژێمەکەی بەشار ئەسەد بجەنگن".










خەندان
Top