حەسەن روحانی وەک سەرۆک کۆماری ئێران هەڵبژێردرا

حەسەن روحانی وەک سەرۆک کۆماری ئێران هەڵبژێردرا
15 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، \"حەسەن روحانی\"" له هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئێران که دوێنێ بەڕێوەچوو، توانیی زیاتر له نیوەی دەنگەکان بەدەست بێنێت و هەڵبژاردنەکه بباتەوه.

بەپێی هەواڵه ناوخۆییەکانی ئێران، \""مستەفا محەممەد نەجاڕ\"" وەزیری ناوخۆی ئێران له کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: حەسەن روحانی زیاتر له ١٨ملیۆنی دەنگی بەدەست هێنا و براوەی هەڵبژاردنە.

روحانی، کاندیدی پشتیوانی کراو لەلایەن چاکسازی‌خوازەکان و میانەڕۆکانی ئێران بۆ سەرۆک کۆماری بوو.

ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاران پەسەند بکرێت و راستەوخۆ دوای ئەم پەسەند کردنه، رێوڕەسمی جێ‌بەجێ کردنی سەرۆک کۆماری لەلایەن رێبەری ئێرانەوه بەڕێوەدەچێت.

بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ٧٢.٧لەسەدی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بوونه.

له هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران، شەش کەس بەشدار بوون و جگه له روحانی، سێ پاڵێوراوی موحافزکارەکان و دوو پاڵێوراوی سەربەخۆ بەشدار بوون که ئەم دووانەش دوور و نزیک سەر به موحافزەکان بوون."
Top